دوای بگرەو بەردەیەکی زۆر، ودانیشتن وسەردان چاوپێکەوتنی دووقۆڵی و چەندقۆڵی ،پڕۆژە یاسای بودجە  لە ٢٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ و٢٠٢٤ و٢٠٢٥ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا  پەسەندکرا بە دەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیشەوە، ودواتریش بەپێی دەسەڵاتە دەستورییەکانی، لەلایەن سەرەککۆمارەوە کە کوردە پەسەند کرا، و پێش هاتنە  نێو پەرلەمان، لەئەنجومەنی وەزیران بەدەنگی وەزیرە کوردەکانیشەوە پەسەند کرابوو، واتە بەفلتەری گفتوگۆو پەسەندکردنی نزیکەی  (٧٠) بەرپرسی کورد لە بەغدا تێپەڕبوە.

   لەوکاتەوە تادەرچوونی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، وەفدی جۆراوجۆری هەرێم وبەغدا، بەئاستی باڵاو خوارتر و  سەردانی بەغدایانکردوە و سەرۆک وسکرتێری گەلێک حزبیش لەوجۆرە چاوپێکەوتنانە بەردەوام بوون.

    چەندین لێدوان وبەیاننامەو و ووتەی وتەبێژ ودەمڕاستی ئەم وئەو حزب بڵاوکرانەوەو، هەرهەموویان وەک دەقێکی کۆنی هەمیشە بیستراو( کۆبونەوەکانمان ئیجابی بوون و لێکتێگەیشتن هەبوو) و مژدەی دڵخۆشکەریان بەخەڵک دەدا، کە( لەچارەسەری گرفتەکان نزیکبوونەتەوەو شتێکی ئەوتۆ نەماوە).

   خۆ دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ڕاگەیاندن، هەرمەپرسە، جارێک دوو مووچە و جارێک لەسەدا دەی پاشەکەوت و جارێک کۆتایی هەفتەو جارێک سەرەتای هەفتەو سەدو یەک دارشتنی جۆراوجۆری( سبق صحفي) یان بڵاو دەکردەوە.

   جگە لەوەش هەندێک لە میدیا وابەستەکان، ئەم دەسکەوتەیان دەبەستەوە بە سەردانە مێژووییەکەی کاک فڵان یان وەفدی فیسار حزب بۆ بەغدای پایتەختی ئاشتی.

   بەرپرسانی هەرێم و وەزارەتی داراییش هەرزوو، خۆدزینەوەو ئەستۆ پاکی خۆیان لەو بەرپرسیاریەتیە خستە ڕوو و وتیان( ئێمە هەمووشتێکمان تەسلیمکردوە، ئیتر داوای مووچە لە بەغدا بکەن ) دوای ئەویش هەر وەفدەکان لە هامۆشۆ و ڕەوتدا بوون

   شەوی سێشەممەی ناوەڕاستی مانگی رابردوو، دەوڵەتمەداری سەرۆکی حکومەتی عێراق ،دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لێدوانی دا و ووتی : موچەمان بۆ هەرێم نارد، دوبارە هەر کەناڵ بوو پەلەی بوو هەرئەو شەوە خۆی بکاتە بێ رکابەرو لیستی موچە ڕا بگەیەنێ ، وچی وەفدو کەسایەتیش لەگەڵ سەرەکوەزیرانی عێراق باسی مووچەو بودجەی کردبێت، زۆر بەسەخاوەتەوە ووتویەتی ، لەم نزیکانە پشکی هەرێم لەموچەو بودجە دەنێرین، کەچی هەر نەهات!

  پاش ئەوهەموو هەواڵ و لێدوان وبگرەو بەردەیە، دەرکەوت بەغدا تەنها ٥٩٨ ملیاری خستۆتە سەر بانکی هەرێم بۆ موچەی مانگی حوزەیران، وئەودوای مافەکانی هێشتۆتەوە بۆ کاتی نادیار( دیارە تا ئەوکاتەی، کەهەرێم ئیلتیزاماتی تریش جێبەجێ بکات( چین ئەو ئیلتیزاماتانە؟) کەس نازانی، بەڵام ئەوەی من بزانم ئەوەیە کە پێت فێر بوون بە ملکەچبوونێک ئیتر دەیانی تری بەدواوە دێت، و بەرپرسانی هەرێمیش بەنیازنین بڵێن ( ئیتر بەسە!)و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە ڕابگەیەنن، کە لە هەموو ئەمانە، گەل و لەنێویشیاندا هەژاران و زەحمەتکێشان باجەکەی دەدەن.

    بەڵێ لەدوای ئەو هەموو چاوەڕوانییە نەک هەموو بەشە بوجەی هەرێم نەهات، وموچەی دوومانگە دواکەوتووەکەی تەمموز وئاب نەهات،   وا هەموو کاتەدیاریکراوەکان لە ڕۆژەکانی هەر مانگێک و لەشەممە بۆ پێنج شەممەی هەر هەفتەیەک  تێپەڕی وموچەی یەک مانگیش بەتەواوی نەهات.

   بەهۆیەکانی نەشارەزایی وەفدەکانی هەرێم لە پرۆسەی دانوستاندن سوود وەرنەگرتن لە کەسانی شارەزای( سیاسی- ئابوری- دانوستان و...تاد) و ململانێی حزبەکان و ئەندامانی کوتلەکوردستانیەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران،  خودی یاسای بودجە کەلەلایەن کوتلە باڵادەستەکانی بەغداوە بەشێوەیەک تێپەڕێنرا، کە گومانی ئەو چاودێرانەی کردە ڕاستی کە دەیانگوت ،( یاسای بودجە مینڕێژکراوە و لەکاتی جێبەجێکردندا بە کوردستانیاندا دەتەقێتەوە)، سەرەڕای خراپی حساب وکیتابی داهات و سەرفیاتی هەرێم کە بواری ڕەخساندوە بۆ لیژنەکانی بەغدا کە هەرجارەی لە کەلێنێکەوە، بەهانە بەهەرێم و وەفدەکانی بگرن.

  دوا وەفدی هەرێمیش بە دەستی بەتاڵەوە گەڕانەوە،و وتەیەکیشیان بۆ میدیاکان نەخستە ڕوو.

  خەڵکی هەژارو موچەخۆریش لە نێوان چاوەڕوانی هەواڵێکی خۆش و گیرفانی بەتاڵ ،و فێڵ ودرۆکانی دەسەڵات لەبەغدا و بەڵێن وبێباکی حکومەتی هەرێمدا گیریان خواردوە.

   دەرەئەنجام، ئەو متمانە لاوازەی نێوان هەرێم و بەغدا،و هاووڵاتیانی هەرێم بەهەردوو حکومەتی بەغداو هەرێم،  لاوازتر دەبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا