زەکریا نمر 
وەرگێڕانی: ڕێگای کوردستان 

هەر نەتەوەیەک بەدوای داهاتووی خۆیدا بگەڕێت، لە پرسیاری مەعریفەوە دەست پێدەکات، لەکاتێکدا جیهانی عەرەبی زۆرجار لە پرسیاری دەسەڵاتەوە دەست پێدەکات. لەبەر ئەمەش، سەیر نییە کە ڕامیارکار (سیاسی) کاریگەریی لە بیرمەند زیاتر بێت، و ڕۆشنبیریش ببێتە پەراوێزێک کە هەمووان لە بۆنەکاندا بیریا بکەوێتەوە و لە کاتی بڕیاردانیشدا لەبیری بکەن.
بۆ ساڵانێکی دورودرێژ، ڕێز لە ڕۆشنبیری عەرەبی دەگیرا وەک پاسەوانی هۆشیاری و دەنگی کۆمەڵگە، بەڵام واقیعەکە وێنەیەکی جیاواز دەردەخات. ئەو ڕۆشنبیڕەی کە دەکرا پێشەوایەتیی دیالۆگی گشتی بکات، لە زۆر بارودۆخدا بووەتە تەنها تەمەشاچییەکی ڕووداوەکان؛ وتار دەنووسێت، بەشداری لە کۆڕەکاندا دەکات و لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکاندا دەردەکەوێت، لەکاتێکدا سیاسەت، ئابووری، پەروەردە و ڕاگەیاندن بەرەو ئاراستەیەکی تر هەنگاو دەنێن کە زۆر گوێ بەوە نادات کە ئەو دەینوسێت یان دەیلێت.


ئەمە قەیرانی تاکەکان نییە، بەڵکو قەیرانی تەواوی پێکهاتە بنیاتەکەیەتی (سیستمەکەیە). چونکە ڕۆشنبیری لە جیهانی عەرەبیدا چیتر بەشێک نییە لە پڕۆژەی دەوڵەت، و نە لە پێشینەی کارەکانی کۆمەڵگەشە، بەڵکو بووەتە چالاکییەکی نوخبەگەریی دابڕاو. کاتێک ڕۆشنبیری دادەبڕێت، ڕۆشنبیر دەبێتە قسەکەرێکی ناو بازنەیەکی داخراو، کە تەنها ڕۆشنبیرانی وەک خۆی گوێی لێ دەگرن، لەکاتێکدا جەماوەر بە دووریی دەمێنێتەوە لە دیالۆگی ڕاستەقینە.
ئەو پرسیارەی کە دەبێت ئەمڕۆ بپڕسرێت ئەوە نییە کە "ڕۆشنبیر لەکوێیە؟"، بەڵکو ئەوەیە: "ئەو شوێنە لەکوێیە کە ڕێگە بە ڕۆشنبیر دەدات ڕۆڵی خۆی بگێڕێت؟". چونکە نە هیچ زانکۆیەکی عەرەبی بووەتە کارگەی بیرۆکە گەورەکان، نە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن هزریان کردووەتە هەوێنی ڕۆژانە، و نە دامەزراوە سیاسییەکانیش وەک هاوبەشێک لە دروستکردنی بڕیارەکاندا سەیری توێژەران دەکەن. بەم شێوەیە مەعریفە لەناو پەڕتووکەکاندا بەندکراو مایەوە، لەکاتێکدا دروستکردنی ڕای گشتی گواسترایەوە بۆ پلاتفۆرمگەلێک کە وروژاندنیان پێ باشترە لە بیرکردنەوە.
جیهان بەخێرایی گۆڕا، بەڵام وتاری ڕۆشنبیریی عەرەبی هەر لە دەوری هەمان پرسیار، بە هەمان زمان، و بە هەمان ئامراز دەسوڕایەوە. لەکاتێکدا نەتەوەکان وەبەرهێنانیان لە ناوەندەکانی توێژینەوە، دااهێنان، ژیریی دەستکرد و ئابووریی مەعریفەدا دەکرد، بەشێک لە دیمەنی ڕۆشنبیریی عەرەبی سەرقاڵی جەنگی کەسی، ململانێی ئایدۆلۆژیی بەسەرچوو، و ململانێگەلێک بوو کە هیچ شتێک بۆ ژیانی مرۆڤی عەرەبی زێدە ناکەن.


ئەوەی ئازاربەخشە ئەوەیە کە زۆرێک لە دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان جیاوازی ناکەن لە نێوان "چالاکیی ڕۆشنبیری" و "بەرهەمهێنانی هزری". بەستنی دەیان کۆڕ و سیمینار مانای بوونی ڕاپەڕینێکی ڕۆشنبیری نییە، ڕێکخستنی پێشانگاکانی پەڕتووکیش مەرج نییە نیشانەی گەشەسەندنی خوێنندەواری بێت، و زۆریی خەڵاتەکانیش مانای ئەوە نییە کە کۆمەڵگە هۆشیارتر بووە. چونکە ڕۆشنبیری بە ژمارەی چالاکییەکان نەکێشرێت، بەڵکو بە ئامادەیی لە قوتابخانە، زانکۆ، ڕاگەیاندن، دادوەری، ئابووری و لە شێوازی بیرکردنەوەی خەڵکدا دەپێورێت.
بەشێک لە ڕۆشنبیران خۆیان بەرپرسن لەم پاشەکشەیە، کاتێک گوۆشەگیرییان لەناو زمانێکی ئەکادیمیی داخراودا هەڵبژارد، یان تەسلیمی ئەو بیرۆکەیە بوون کە ڕۆڵیان تەنها لە تیۆرسازی (تەنزیر)دا کورت دەبێتەوە. چونکە ئەو هزرەی نەتوانێت بە زمانێکی ڕوون لەگەڵ کۆمەڵگەدا بدوێت، پلە بە پلە توانای کاریگەریی لەدەست دەدات، گرنگییە زانستییەکەی هەرچەندێک بێت. ئەرکی ڕۆشنبیر ئەوە نییە وای لە خەڵک بکات هەست بە نەزانیی خۆیان بکه ن، بەڵکو ئەوەیە ئامرازی تێگەیشتن لە جیهانیان پێ ببەخشێت.
جگە لەمەش، پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات بە شڵەژاوی مایەوە. کەسانێک هەبوون بێدەنگییان هەڵبژارد بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان، کەسانێکیش بوونە ئۆپۆزسیۆنێکی هەمیشەیی بێ ئەوەی هیچ جێگرەوەیەک پێشکەش بکەن، و کەسانێکیش وەفادارییان بۆ ئایدۆلۆجیا کردە بەهێزتر لە وەفادارییان بۆ ڕاستی. لە هەرسێ بارودۆخەکەدا، کۆمەڵگە ئەو ڕۆڵەی لەدەستدا کە چاوەڕێی لە ڕۆشنبیر دەکرد: ئەوەی ببێتە ویژدانێکی ڕەخنەیی سەربەخۆ.


قەیرانە ڕاستەقینەکە لە نەبوونی بیرمەنداندا نییە، بەڵکو لە نەبوونی ئیرادەیەکدایە کە بیرۆکەکانیان بگۆڕێت بۆ سیاسەت، توێژینەوەکانیان بکاتە پڕۆژە، و ڕوانگەکانیان بکاتە چاکسازی. هیچ بەهایەک بۆ هیچ بەرهەمێکی هزری نییە ئەگەر لەسەر ڕەفەی پەڕتووخانەکاندا بەندکراو بپڕوکێتەوە، و هیچ مانایەکیش بۆ ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری نییە ئەگەر لەسەر ژیانی خەڵکدا ڕەنگ نەداتەوە.
نەتەوەکان لەبەر ئەوە پێشنەکەتوون چونکە ژمارەیەکی زۆر ڕۆشنبیریان هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوە پێشدەکەون چونکە دەزانن چۆن وەبەرهێنان لە مەعریفەدا بکەن بۆ بنیاتنانی مرۆڤ و دەوڵەت. بەڵام کاتێک ڕۆشنبیری دەبێتە تەنها ڕووکارێک، و هزر دەبێتە ڕازاندنەوەیەکی زمانی (دەستەواژەیی)، کۆمەڵگە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی پێشکەوتنی خۆی لەدەست دەدات.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بڕوا و بەها بۆ هزر بگەڕێنرێتەوە، نەک وەک خۆشگوزەرانییەکی ڕۆشنبیری، بەڵکو وەک پێویستییەکی سیاسی، ئابووری و شارستانی. چونکە نیشتمان تەنها بە وتار و دروشم دروست نابێت، بەڵکو بەو مێشکانە دروست دەبێت کە دەوێرن پرسیارە ڕاستەقینەکان بپڕسن، و ئەو بیرۆکانە بەرهەم بهێنن کە توانای گۆڕینی واقیعیان هەیە.
پرسیارە هەرە بڕبڕەیی و هەنووکەیییەی ئەمڕۆ ئەوە نییە: " بۆچی  ڕۆڵی ڕۆشنبیری عەرەبی پاشەکشەی کردووە؟"، بەڵکو ئەوەیە: " بۆچی  جیهانی عەرەبی زیاتر لە بیرۆکەکان دەترسێت تا لە قەیرانەکان؟". کاتێک کۆمەڵگەکان لە بیرکردنەوەی ئازاد بترسن، ئەوا تەنها ڕاپەڕینی خۆیان دوا ناخەن، بەڵکو تەواوی داهاتووی خۆیان دوا دەخەن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا