فەرەیدوون سامان

ئێزیدییەکان وەک گرووپێکی ئیتنیکی کۆمەڵگەی کوردستان، بۆ چەندان سەدە لەسەر خاکی باوباپیرانی خۆیان لە ئێزیدیخان ژیاون، سەرباری دژایەتی زۆریان بەناوی ئایین و شەیتانپەرستییەوە، بەڵام بە باوەڕ و زمان و ناسنامە و داب ونەریتی ڕەسەنی خۆیانەوە مانەوە، سەرەڕای بەرگەگرتنی هەڵمەتەکانی کۆمەڵکوژی و گۆشەگیری و ئاوارەبوون، هەوڵی دووبارەی ناچارکردنەوەیان بۆ ئەوەی واز لە ئایینەکەیان بهێنن، تراژیدیای ئازارەکانیان لە مێژووی نەتەوەکەماندا ڕووداوێکی زوو تێپەڕ نەبوو، بەڵکو زنجیرەیەکی درێژخایەنی کارەساتی مرۆیی بوو، کە لەژێر ناوی "فەرمان" بەسەریاندا سەپاندن و قۆناغ بە قۆناغ بە نەوەکاندا تێپەڕین، تاوانێک بە درێژایی سەردەمە جیاوازەکان لە دژی ڕۆڵە ئێزیدییەکان چەندان هەڵمەتی کۆمەڵکوژی و لەناوبردنیان بەناهەق لەسەر ئەنجامدرا، کە هەندێکیان بوونە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و وێرانکردنی گوند و مەزارە پیرۆزەکانیان و بە کۆیلەکردنی کچ و ژن و منداڵەکانیان،  دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵیان. ئامانجەکانیش هەمیشە هەر وەک یەک بوون کە ڕیشەی ئەم گەلە دێرینە لەسەر خاکەکەیان هەڵکەنن و شکۆو ئیرادەیان بشکێنن و ناچاریان بکەن بۆ دەستبەرداربوون لە ناسنامەی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان. 
کەچی ئێزیدییەکان لە ڕیشەی خۆیاندا هەڵنەگەڕانەوە و دوای هەر کاولکارییەک مەزار و گوندەکانیان ئاوەدان کردەوە و باوەڕ و خۆڕاگری و خۆشەویستیان بۆ  ژیان، بۆ منداڵەکانیان گواستەوە، سەرەڕای ڕزگاربوونیان لە هەڵمەتە کۆمەڵکوژییە دووبارەبووەکان، بەڵام ئازارەکانیان تەنیا لە لاپەڕەکانی مێژوودا قەتیس نەمایەوە، لە فۆرمەکانی دیکەیشدا بەردەوام بوون، لەوانە پەراوێزخستن، نەبوونی پاراستن و ئینکاری گەشەسەندن و سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان، بۆیە چیرۆکی غەمی ئێزیدییەکان تەنیا چیرۆکی جینۆسایدی گەلێکی بێ پشتوپەنا  نییە، بەڵکو چیرۆکێکە کە هێشتا لە بەرخودان و خەباتدایە بۆ ئەوەی بە شکۆوە سەربەرزانە لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان بە ئاسوودەیی بژین.
ئێزیدییەکان بۆ سەدان ساڵ لە ترس و دڵەڕاوکێ و بێدەنگیدا ژیان، زۆرجار چیرۆکەکانیان بە خوێن دەنووسرانەوە، لە کاتێکدا ئازارەکانیان تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن جیهانەوە پشتگوێ خرابوون، ئەوان ئەو پاراستنەیان وەرنەگرت کە هاوتای ئەو مەترسییانە بوون کە ڕووبەڕوویان بووەوە و زۆرجاریش لە مافە سیاسی و کولتوورییەکانیان بێبەش دەکران، ناوچەکانیان بەردەوام بەدەست پشتگوێخستن و کەمی خزمەتگوزاری و نەبوونی هەلی کارەوە دەناڵێنن. دوای چەندان سەدە لە گۆشەگیری، زۆر کەس پێیان وابوو کە ئەم بابەتە تاریکانە ئێستا شتێکن ڕابردن، بەڵام ٣ی ئابی ٢٠١٤ سەلماندی کە مەترسییەکە بەردەوامەو کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو بە شێوەیەکی دڕندانەتر گەڕاوەتەوە.
کاتێک تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر کاڤاری شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری، دەیان هەزار سیڤیل خۆیان بەبێ هیچ پارێزگارییەکی ڕاستەقینە بینیەوە، نێرینەکان کوژران، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران، ژن و کچ و منداڵەکان ڕفێندران و ئەوانەی ڕفێندرابوون تووشی ترسناکترین شێوە توندوتیژی و کۆیلەکردن و بازرگانی کردن بوونەوە، تاوانێک کە ئامانجی لەناوبردنی تەواوی  ئێزیدییەکان و بنبڕکردنی بوونی ئایینی و کۆمەڵایەتییان بوو. دەیان هەزار هاووڵاتی ئێزیدیش بەرەو چیای شنگال هەڵاتن، لەوێش بەرگەی چەند ڕۆژێک لەژێر تیشکی خۆری سووتێنەری مانگی ئابدا بێ ئاو و خواردن و دەرمانیان گرت، لەوێدا منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان بەهۆی تینوێتی و برسێتیەوە ڕووبەڕووی مەترسی مردن بوونەوە، لە کاتێکدا جیهان تەماشای یەکێک لە ترسناکترین کارەساتە مرۆییەکانی سەردەمی مۆدێرنی دەکرد.
تاوانی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش تەنیا هێرشکردنە سەر دەڤەرێک یان گرووپێکی کۆمەڵگەکەمان بچووک نەبوو؛ بەڵکو جینۆسایدێک بوو کە تەواوی گەلێکی ئاشتیخوازی کردە ئامانج، جارێک بە هۆکاری ئایین و ناسنامەکەیانەوە. جارێکی تر بە حوکمی جیۆپۆلەتیکی ناوچە ستراتیژییەکەیانەوە، کە تا ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی ئەم تاوانە هۆڤییە هەست پێدەکرێت، چارەنووسی زۆرێک لە ڕفێنراوەکان تا ئێستاش نادیارە، هێشتا گۆڕە بەکۆمەڵەکان شایەتحاڵی قەبارەی کارەساتەکە و ماڵباتە بێژمارەکانن، هێشتا چاوەڕوانی هەواڵی گەڕانەوی جگەرگۆشە ئازیزەکانیانن. 
ئازاری ئێزیدییەکان بە شکستی داعش کۆتایی نەهات، کاریگەرییەکانی جینۆسایدەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ئێستا و داهاتوویان، ڕزگاربووان هێشتا برینی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتییان هەڵگرتووە و پێویستیان بە زیاتر لە بەڵێن و قسەی هاوسۆزی هەیە؛ پێویستیان بە چاودێری ڕاستەقینە و دادپەروەری و گەرەنتی هەیە، کە ژیانێکی شکۆدارانە مسۆگەر بکەن، ئەوان هەر بەتەنێ قوربانی نین، بەڵکو شایەتحاڵی زیندوون بۆ یەکێک لە ترسناکترین تاوانەکانی سەدەی بیست و یەکەمی ساڵانێکی دوای جینۆسایدەکە، ئایندەی ئێزیدییەکان بە دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی داپۆشراوە، ناوچە بەرفراوانەکانی شنگال بە وێرانبوون ماونەتەوە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان سنووردارن و هێشتا سەقامگیری تەناهی و سیاسی بەدی نەهاتووە، هێشتا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئێزیدییەکان لە ئۆردوگاکان یان لە وڵاتانی پەناگە و ئاوارەییدا دەژین و لە نێوان حەسرەتی زێدی خۆیان و ترسی گەڕانەوە بۆ شوێنێک کە هێشتا گەرەنتی ڕاستەقینەی کەمی پاراستنیان هەیە. 
بۆیە بەردەوامی پەراوێزخستن و لەگەڵ ململانێی سیاسی و نەبوونی حوکمڕانی سەقامگیر و دواکەوتنی ئاوەدانکردنەوە، متمانەی زۆرێک لە ئێزیدییەکانی بۆ داهاتوویان لەدەستداوە، چونکە ئەم پەراوێزخستنە ئەنجامی یەک فاکتەر نەبووە، بەڵکو لوتکەی یارییەکی ئاڵۆزی نێوان فاکتەرە سیاسی و ئیدۆلۆژی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بوو، کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو کەڵەکە بوون و تا ئەمڕۆکەش کاریگەرییەکانیان بەردەوامن.
لەوانەش ئاوارەبوونی بەردەوام، خزمەتگوزارییە ناتەواوەکان، دواکەوتنی ئاوەدانکردنەوە و نەبوونی سەقامگیری تەناهیش وای کردووە ژمارەیەکی زۆر لە لاوان کۆچ بکەن بۆ هەندەران و گەڕان بەدوای سەلامەتی و دەرفەتەکاندا، لە هەمانکاتدا هەڕەشە لە دانیشتووان و زەوییەکانی باوباپیرانیەکان دەکرێت و یەکێک لە توخمە هەرە گرنگەکانی مانەوە و بەردەوامییان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە ئایندەی ئێزیدییەکان نابێ بە بارمتەی نەزانراو یان بەرژەوەندییە سیاسییە دژبەیەکەکان بمێنێتەوە، مانەوەی ئەم کۆمەڵگە ڕەسەنەی کوردستان پێویستی بە وەلانانی گوتاری ڕق وکینەو دانپێدانانی ڕاستەقینە بە مافەکانیان و بەشداری کردنی کاریگەر هەیە، لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان و بەهێزکردنی توانستی خەڵکەکەی بۆ بەشداری کردن لە بڕیارە تایبەتەکان بە داهاتووی خۆیان، هەروەها پێویستی بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گوندەکانی دەوروبەری و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و نۆژەنکردنەوەی خوێندنگە و نەخۆشخانەکان و ڕەخساندنی هەلی کار هەیە کە هانی ئاوارەکان بدات بە شکۆوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان، لەبری ئەوەی کۆچکردن تاکە بژاردە بێت بۆ نەوەی لاوەکان نیشتمان جێبهێڵن.
دادپەروەری لە ئاوەدانکردنەوە کەمتر نییە، پێویستە گەڕان بە دوای ژن و کەنیشکە ڕفێنراوەکان بەردەوام بێت و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بدۆزرێنەوە و تاوانەکان بەڵگەیان لەسەر بێت و هەموو ئەوانەی دەستیان لە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا هەبووە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێگە نەدرێت لە سزا ڕزگاریان بێت، دادپەروەری تۆڵەکردنەوە نییە؛ بەڵکو ئەو بناخەیە کە مافی قوربانییەکان دەپارێزێت و ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی کارەساتەکە دەکات و هیوا بۆ داهاتووی نەوەکەنیان دەگەڕێنێتەوە.
جگە لەوەش پاراستنی زمان و ئایینی ئێزیدی و پاراستنی کەلپوور و شوێنە پیرۆزەکانیان و ئاشناکردنی نەوەکانیان بە بە مێژوو و داهاتوو ئەم گەلە، دوور لە شێواندن و هزری ڕەگەزپەرستانە و کۆنەپەرستانە، بەرپرسیارێتییەکەی کەمتر نییە لە بنیاتنانەوەی پێکهاتە فیزیکییەکان، چونکە پاراستنی زمان و شوناس و کولتوور، لە جەوهەردا پاراستنی مانەوەی کوردبوون و مرۆڤایەتی بوون خۆیەتی، سەرەڕای هەموو ئەو کارەساتانەی ئێزیدییەکان بەرگەیان گرتووە،  نەئیرادەیان تێکشکا، نە وازیان لە زمان و ناسنامەو باوەرەکەیان هێنا، سەرباری هەڵمەتە یەک لە دوای یەکەکان کە هەوڵی قڕکردنیانی دا، بەڵام هەر بە زیندوویی مانەوە. 
تیرۆری داعش هەوڵیدا خاک و ناسنامەیان بدزێت، بەڵام ئەوان لە داروپەردووی وێرانەوە هەڵسانەوە، ترس و تۆقاندن هەوڵیدا بێدەنگیان بکات، بەڵام دەنگی ڕزگاربووان بوونە شایەتحاڵێکی زیندوو کە ویژدانی جیهان بلەرزێنێت.
ئەمڕۆ ئێزیدییەکان داوای بەزەیی لە کەس ناکەن؛ بەڵکە داوای دادپەروەری دەکەن، ئەوان نایانەوێت تەنها وەک ئامارێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکاندا بمێننەوە، بەڵکو وەک هاووڵاتییەکی ئازاد بە شکۆوە لە ماڵ و شوێنە پیرۆزەکانیاندا لەسەر خاکەکەی خۆیان بژین، و بۆ ئەوەی منداڵەکانیان دوور لەو دڵەڕاوکێ و ترسە گەورەیە بن کە لە دایک و باوکیانەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، لە نیشتمانێکدا کە مافەکانیان و کەرامەتیان بپارێزێت، ئایندەیان کاتێک مسۆگەرتر دەبێت کە بەڵێنەکان بگۆڕدرێن بۆ کردار، ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بۆ هەنگاوی کردەیی کە دادپەروەری بەدەست دەهێنێت، ئاوەدانکردنەوە بۆ واقیع و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ یادەوەرییەکی نەتەوەیی کە ڕاستییەکان بپارێزێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکە بکات، کێشەکە تەنیا مانەوەی ئێزیدیەکان نییە، بەڵکو مافی ژیانیان بە کەرامەت و هەبوونی ئایندەیەکی ڕووناک لە زێدی باوباپیرانیان و بەشداری کردنیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و دادپەروەری و ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی ئایینی و کولتووری، ئەو گەلانەی کە بە ناسنامەی خۆیانەوە دەلکێن، سەرەڕای ئەو کارەساتانەی بەرگەییان گرتووە، ئێزیدییەکان هەرچەندە ئەزموونەکانیان تاڵ و سەخت بن، وەک گەلێکی زیندوو دەمێننەوە، لە یادەوەری خۆیاندا ئازارەکانی ڕابردوویان هەڵگرتووە، لە دڵیاندا ئیرادەی مانەوەیان هەڵگرتووە، لە چاوی منداڵەکانیاندا هیوای نیشتمانێک کە دان بە ناسنامەی ئێزیدییەکاندا بنێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا