
کاتێک دەسەڵاتی حیزب لە فۆڕمێکی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ فۆڕم و ئیدۆمێکی تایبەت و هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە داگیر دەکات و بەرژەوەندی خۆی دەخاتە سەروو بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانییەوە، ئەوا پێکهاتەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە خزمەتی هاووڵاتییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سەرکوتکەر و هەڵاوێرکەر. لەم دۆخەدا، حیزبی فەرمانڕەوا لە ڕێگەی داگیرکردنی فەزای گشتی و بەتاڵکردنەوەی بەهای دیموکراسییەوە، جیاوازی نێوان «نیشتمان» و «حیزب» ناهێڵێت. ئەمەش قەیرانێکی قوڵی متمانە دروست دەکات و کۆمەڵگە بەرەو پەرتەوازەیی و بێهیوایی دەبات، و کایەی سیاسی دەکاتە قەڵایەک بۆ قۆرخکردنی سامانی گشتی و کپکردنەوەی هەر دەنگێکی ئازاد و ڕەخنەگرانە.
بەمەش کۆمەڵگە تووشی جۆرێک لە مایەپووچبوونی ئەخلاقی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێت و حیزب لە قەوارەیەکی سیاسییەوە دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی ئۆتۆریتاریزم کە ژیانی تاک و کۆیلەکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە مسۆگەر دەکات.
کاتێک سێبەری دەسەڵاتی حیزبی شۆڕدەبێتەوە بەسەر سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگەدا و سنووری نێوان دەوڵەت و حیزب دەسڕێتەوە، بنەماکانی حوکمڕانییەکی تەندروست تووشی داڕمانێکی قووڵ دەبێت، لەم دۆخە نەخۆشەدا، حیزب لە قەوارەیەکی سیاسیی خاوەن دیدگا و بەرنامە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، دەگۆڕێت بۆ ئامێرێکی سەرکوتکەر و قۆرخکار کە هەموو کایەکانی ژیان بە ئامانجی درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتەکەی بەکار دەهێنێت. ئەم تێکەڵاوکردنە نادروستە لە نێوان بەرژەوەندی حیزبی و بەرژەوەندی گشتییدا، نەک تەنها قەیرانی ئابووری و کارگێڕی دروست دەکات، بەڵکو مۆراڵی کۆمەڵایەتی تێکشکێنێت و بناغەکانی نیشتمانپەروەری بەرەو هەڵدێر دەبات.
لە چوارچێوەو هەناوی ئەم سیستەمە حزبیەشدا کە سەروەت و سامانی نیشتمانی بە ئاراستەی مۆڵگەکانی حیزب ڕادەکێشرێ و دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت بێناوەڕۆک دەکرێن. دادگا کە دەبێت پەناگەی پاراستنی ماف و دادپەروەری بێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ سزادانی نەیاران و داپۆشینی گەندەڵییەکان. دامەزراوەکانی تریش وەک هێزە ئەمنی و کارگێڕییەکان، لە خزمەتی هاووڵاتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازگەلێکی مەترسیداری کوشندە کە تەنها بەرژەوەندی تەسک و تایبەتی دەستڕۆیشتووان دەپارێزن.
ئەم دۆخە متمانەی نێوان تاک و دەوڵەت سفر دەکاتەوە، و دەبێتە هۆکاری کۆمەڵگە لەیەکەیەکی گشتیەوە دەگۆڕێ بۆ بەندیخانەیەکی گەورەی وا کە هەموو هەنگاوێکی بە مۆری حیزبی کۆنترۆڵ کراوە.
یەکێک لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی ئەم سیستەمە سیاسییە نادروستە، داڕمانی سیستەمی پەروەردە و زانستە. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی حیزب بەردەوام بێت و کەس نەتوانێت پرسیار لە شەرعییەتی بکات، پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی بێدەنگ و خەسێنراوو هەیە. لە ڕێگەی بە حیزبیكردنی زانکۆکان، ناوەندەکانی توێژینەوە و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکانەوە، نەک تەنها لێهاتوویی و شایستەسالاری پشتگوێ دەخرێت، بەڵکو کەسانی نەشیاو تەنها بەپێی ئینتمای حیزبی لە لووتکەی پۆستەکاندا جێگیر دەکرێن. ئەمەش نەوەیەکی دەستەمۆ بەرهەمدێنێ کە بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانی، مل بۆ سەرکردە و حیزب و ئامرازەکانی کۆیلەکردن شۆڕ دەکات و ڕاستەوخۆ دەبێتە دەسکەلای سیستەمە سیاسیەکە و ناتوانێ ئازادیەکانی خۆی بەدەستبێنێتەوە، کە ئەمەش ڕوویدا کوشتنی هۆشیاری کۆمەڵایەتی سەرهەڵدەدات و وادەکات کە تاک نەتوانێ داکۆکی لە ماف و داخوازیەکانی خۆی بکات وەک ئەوەی لە کۆمەڵگە داتەپیوەکاندا دەبینرێ.
لە ڕووی ئابووریشەوە، ئەم جۆرە دەسەڵاتە هەنگاو بەرەو سیستەمێکی سەرمایەداری دەستکرد و قۆرخکار دەنێت و سامانی سروشتی و داهاتی گشتی وەک موڵکی تایبەتی حیزب دەبینرێت و دواجار ئەویش بۆ کڕینی ویژدان و دروستکردنی چینی دەستڕۆیشتووی لایەنگر بەکار دەهێنرێت.
لە بەرامبەریشدا، چین و توێژە فراوانەکەی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی هەژاری و نەداری دەکرێنەوە تاوەکو ناچار بن بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک، دەستی پێشوازیکردن بۆ بەرپرسە حیزبییەکان درێژ بکەن و ببنە بارمتەی پرۆسەیەک کە حیزب لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیدا وەک قەیرانێکی فرەجەمسەر مامەڵەی دەکات.
قوڵبوونەوەی ئەم قەیرانە فرەجەمسەرەش، لێکەوتەی دەروونی قورسی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە و هاووڵاتییان هەیە و دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی بێهیوایەکی کوشندە و زۆر کەس ناچار بە هەڵهاتن و دورکەوتنەوە دەکات لە کۆمەڵگە بێهیوا دەبێت لە هەموو گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی و ڕێگەی کۆچکردن و هەڵاتن لە نیشتمان هەڵدەبژێرێت. ئەمەش بەتاڵبوونەوەی کۆمەڵگەیە لە توخمی چالاک و بەرهەمهێن و بەجێهێشتنی مەیدانەکە بۆ ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت کۆمەڵگە لە تاریکیدا بهێڵنەوە.
ئەم وێرانکارییە فیکری، ئابووری و کۆمەڵایەتییە لەکایەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمدا کە ئێستا وەک پەتایەکی کوشندە بە دەستێوە دەناڵێنین و بوەتە خۆرکی فەزا گشتیەکە تەنها لێکەوتەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو واقعێکی تاڵە کە لە ئەنجامی دەیان ساڵ حوکمڕانیی حیزب و بەرژەوەندی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانەوە بەسەر ئەم نیشتمانەدا سەپێنراوە ، بەکورتی دەسەڵاتی حیزبی لە کوردستاندا توانیویەتی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و پڕ لە توانا، بە هەموو مێژوو و قوربانیدان و دەوڵەمەندییەکەیەوە، بخاتە ناو گێژاوێکی قووڵی قەیرانی فرەلایەنەوە.
بەگشتی کایەی سیاسی هەرێم و ئەو ڕەهەندانەی دۆخەکەی شێواندوە ، نیشتمانی کردووەتە موڵکی حیزب، حیزبیش دەوڵەت و دامەزراوەکانی وەک کۆمیتە و ڕێکخراوێک دەبینێت و بوەتە هۆکاری تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و شکاندنی شکۆ و کەرامەتی هاووڵاتیی کورد و ئەو بونیادە بەهێزانەی کە جومگەکانی ژیانی ڕاگرتوە.
