کەلەهەڵبژاردنەکان نزیک دەبنەوە،  حزبە  سیاسییەکان دەکەونە ئامادەکاری ،بە مەبەستی گرتنی جێگەو پێگەیەکی باشتر لە جاران لەناو کورسییەکانی پەرلەمان یان ئەنجومەنە خۆجێییەکاندا.

    لەزۆرێک لە وڵاتان و لەنمونەی هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا حزبی واهەڵنەکەوتوون کە بتوانن زۆرینەیەکی دڵنیا ببەنەوە کەپێویستیان بە هاوپەیمانێتی نەبێت بۆ مسۆگەرکردنی بڕیار و بەجێهینانی بەرنامەکەیان.

  ئەگەر ئەم بۆچونە بۆ هەموو شوێنێک پێویست بێت، ئەوا بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، کەوا بڕیارە لە 18 ی کانونی یەکەمی ئەمساڵی 2023 لە هەموو پارێزگاکانی عێراقدا جگە لەهەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، پێویست ترە، بەهۆی یاسای هەڵبژاردنەکەو یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنەکان، کە پشت بە یاسای (سانت لیگۆی تێکڕا) دەبەستێت، و ئەم یاسایە بواری لەبەردەم قەوارە بچوکەکاندا بەرتەسک کردۆتەوە.

  سەرەرای ئەوەش قەوارە کوردستانییەکان لەبەردەم، ئەرک و گرفتێکی تردان کە ئەویش دوبارە سەلماندنەوەی کوردستانیبوونی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمە، بە بردنەوەی دەنگ وکورسی زۆرینەیە، تاوەکو ڕاپرسییەکی پێشەکی(نافەرمی) بۆ مادەی 140 ی دەستوربێت ، و دروستکردنی کوتلەی زۆرینە لە نێو ئەنجومەنی پارێزگادا، کە توانای دانانی پارێزگاری بۆ بڕەخسێت( بەتایبەتی بۆ کەرکوک) ، و لە پاریزگاکانی تری (نەینەواو دیالە و سەلاحەدین) یشدا پێگەیەکی بەهێزی لە بریاردا هەبێت.

    کاتێک لە کەسی هۆشمەندی کورد و کوردستانی بپرسیت، بەچ شێوازێک بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی پارێزگاکان بکەین. وەڵامی لە پێویستی یەک لیستی بگەڕێتەوە چی دی نییە، بەڵام پرسیاری دواتر کە چۆن ئەم کۆدەنگی وکۆکردارە دروست بکەین؟ لەوەڵامدا یەک شێوازت دەست ناکەوێت، هۆکارە سەرەکییەکە جگە لە زاڵکردنی بەرژەوەندی تەسکی حزبی لەلایەک وهەوڵدان بۆ بەکارهێنانی ئەوانی تر لەلایەکی ترەوە شتێکی تر نییە.

    لەو ماوەیەی رابردوودا کە جموجۆڵ وچالاکییەکان بۆئامادەکاری دەستی پێکردوە، ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوێبیستی دەبین هیچ دڵخۆشکەر نین، و ئەگەری فرە لیستی و پەرتەوازەیی زاڵترە، لە یەک لیستی و یەکگرتوویی.

    هەریەک لە حزبە ڕکابەرەکان بەرپرسێتی لەسەرخۆی لادەدا و ئەویتربەلانی کەمەوە بە کەمتەرخەم دەزانێ، ئەگەر تۆمەتی خیانەتکارو پەرتکارو وابەستەی ئەم و ئەوی نەداتە پاڵ.

   ئەوەی جێی بایەخی دڵسۆزانی ئەم گەلەو دۆزە ڕەواکەیەتی ، هەموو خراپەکارییەکانی ڕابردووی ئەم حزبانە دەخاتە ئەولاوە و خوازیارئ پیکهاتن و رێککەوتنە لەسەر بەرنامەیەکی نیشتمانی ، کەخەمی سەرەکی بەکوردستانی سەلماندنی ئەو ناوچانەو و بەرگریکردنە لە مافەڕەواکانی ئەو جوتیارانەی کوردو تورکمان کە بە تۆپزی دەیانەوێت زەوییە بەتاپۆکانیان لەژیر ناوی جیاجیا لەدەست دەربهێنن.

  ڕەنگە ئەم هەڵبژاردنەی پاریزگاکان بۆ کەرکوک وناوچە دابرینراوەکان دوادەرفەت بێت بۆکوردو کوردستانیان، ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت، ڕەنگە دەرفەتێکی مێژوویی لەدەست بدرێت کە ماوەیەکی زۆری تری زەمەنی نەگەڕێتەوە، ئۆباڵی ئەم پەرتەوازەییەش لە ئەستۆی قەوارە گەورەو بەدەسەڵاتەکانە، دوای شکستیش ئیتر بوارێک نامینێت بۆ شیوەن و شیعر بە باڵای دڵ و قودسەکەتانەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا