لەزمانی ژن و پیاوە قەدیمیەکانەوە ئەم دەستەواژەیەم بیستووە ،کە حکومەت باوکی میللەتە.

   باوک لەخێزاندا، ئەرکی دابینکردنی بژێوی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوون و ئارامی نێوخۆیی ماڵ وپاراستنی ئەندامانی خێزان لە دەستدرێژی دەرەکی و شەونخونی بۆ نەخۆشەکان و لاواندنەوەو دڵخۆشکردنی بچوکەکان و ڕێکخستن سەردانی کەسوکارو پێشوازی لەمیوان و...تاد لە ئەستۆیە و لەگەڵ دایک تەواکەری ئەرکە هاوبەشەکەیانن.

    کاتێک هاووڵاتی ئەم هەرێمە، لەڕابردوو وئێستادا،ئەرکی پارێزگاری لەم هەرێمە بە ڕۆڵە (پێشمەرگەو دامەزراوە ئەمنییەکان) ئەرکی خۆیان بەجێ دەهێنن و هەزاران قوربانیان بەخشیوە لە پێناو ئازادی نیشتمان و دامەزراندنی حوکمڕانییەتێکی خۆیی و کوردەواری،  جگە لە خەباتی چەکداری لە مانگرتن و خۆپیشاندان و خەباتی ژێرزەمینی و خۆڕاگری زیندان و بەخشینی ئازیزترین ڕۆڵە وکەسی خۆیان ، و خۆڕاگریان لە بەرامبەر هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەنفال وکیمیاباران وجینۆسایدکردن لەلایەن ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانەوە، بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی دیموکراس و دادپەروەرو خەمخۆری گەل بووە.

   ئەم گەلە یەکەم هەڵبژاردنی  پەرلەمانی لەساڵی ١٩٩٢ی کردە کەرنەڤاڵی ئازادی ودیموکراسی و بەهیوای دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتێکی گەل پەسەند.

   لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بەئاستی جیاجیا گەل  بەشداری کردو ،لە هەڕەشەکانی نەیارانیشدا بووە شورای پارێزگاری لەم دەسەڵات و حوکمڕانێتییە، بە هیوای گەیشتن بە ئاستێکی باشترو چاوگێرانەوە بەخود و بەکارە دزێوەکانی ڕابردوو.

  بەو مانایە ڕۆڵەکانی ئەم خێزانە، گوێڕایەڵ و وابەستەی بڕیارەکان و دڵسۆزی ئەم باوکە بوون(کەحکومەتە)،و ئەرکەکانی سەرشانیان جێبەجێکرد.

  لەبەرامبەردا ئەم باوکە کە (حکومەتی هەرێم)وهێزە پێکهێنەرەکانییەتی بەم شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیانکرد کە(هاووڵاتیانی) هەرێمن:

- هەڵبژاردنی یەکەم و ئەو دوای هەڵبژاردنەکانیان بەپاکی بەڕێوە نەبرد و سندوقەکانیان پڕکرد لە دەنگی ساختە ،کە ئەوە ڕێز نەگرتن بوو لە دەنگی هاووڵاتیە دڵسۆزەکان.

- یەکەم حکومەت و سەرجەم دامەزراوەکانیان بە بەشبەشێنەی حزبی پەنجا بە پەنجا پڕکردەوە، هاووڵاتییە دڵسۆزەکانی دەرەوەی حزبەکانیان فەرامۆش کرد.

-   دامەزراوە خزمەتگوزاریەکان،لەبری باشکردن و زیادکردن بەخشیە کەرتی تایبەت و بوونە هاوبەشی بازرگانە چاوچنۆکەکان بۆ ڕووتاندنەوەی گیرفانی خەڵک.

- ئەم حکومەتە( باوکە)، دەرچوانی زانکۆکانی خستە سەرجادەو ڕێگەی هاتونەهاتی هەندەران و بوونە بەشێک لەسوپای (بێکاری).

- لەبری چاککردنی ژیان وگوزەران، ڕێژەی هەژاریان بەرزکردەوە.

- لەبری ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و پاداشتدانەوەی ئەو جوتیارانەی کە نانی سەرسفرەکانیان لەگەڵدا بەشکردن لەکاتی خەباتدا، لەبەر فەرامۆشکردنیان، زۆرینەی گوندنشینان کۆچی نابەدڵیان بۆ شارەکان ئەنجامدا.

- لەبری زیادکردنی کارگە بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و زیادکردنی بەرهەم و زیادکردنی هەلیکار، دەرگای کارگەکان داخران و فرۆشران بە کەرتی تایبەت.

- ئەو مامۆستایانەی کە لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە، دروشمی(سەری بەرزمان بۆ مووچە نەوی ناکەین)یان بەرزکردەوە لەبری پاداشت ناچاری مانگرتن و خۆپیشاندانی بێ وەڵام کران و دەرگای خوێندن و زانستیان پێ کڵۆمدان.

- ئەم باوکە لە سەرمادا، هاووڵاتیانی بێکارەباو بێ سووتەمەنی دەکات، و لەگەرمادا بێ ئاو و بێ کارەبا.

- لەهەرسیستمێکی حوکمڕانی دونیادا، نە(پاشەکەوت و نە چارەک و نە نیوە ونە لێبڕین نە دواخستن)ی مافی کرێ، نەبووەو نیە، و لەبەرامبەر کارکردندا لەهەموو دونیا ولە هەموو سەردەمێکدا ،داوای کارکردن نەکراوە لە بەرامبەر نەبوونی کرێدا، کە چی دواجار ئەم باوکە توانای چارەسەری موچەی مووچەخۆر و کارمەندانی خۆی نییە.

- لەخێزاندا لەنەبوونیدا باوک و ئەندامانی خێزان وەک یەک دەژین، لەسایەی ئەم باوکە(حکومەتی هەرێم) هاووڵاتی نەدارو بێ نان وبژێوەو حوکمڕانەکان  خاوەنی باشترین سفرەو خوان و ڕیزە ئوتۆمبێل و کۆشکی شاهانە و فڕۆکەی تایبەت، نەوەکانیان کە سەرماو برسێتی و نەداری ومەترسیان نەبینیوە،خاوەنی ژیانی شاهانە و سەرمایەی بێشومارن.

- ئەرێ بەڕاست ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لەدواهەڵبژاردندا بەشداری دەنگدانیان کرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی باشترو کابینەیەکی ئەوتۆ کە باوک ئاسا لەگەڵ گەلەکەی بێت، دوای حەوت هەیڤ نە پەرلەمانمان بینی و نە حکومەت پێکهات.  

  ئەرێ بەڕاست ئەگەر حکومەتێک ئاوها باوکایەتی بۆ گەلەکەی بکات، باوکی ئاوەها بۆچی باشە؟

  ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو باوکە ببرێتە( خەڵوەتگەی پیری)*وهیچکام لە ئەندامانی خێزانەکەی لێی نەپرسنەوە.

__________________________________

* لە کوردەواریدا ،ماڵ ومنداڵی بەوەفا بەدەگمەن داوباب دەبەنە خەڵوەتگە،بەڵکو وەک وەفادارییەک بۆ خزمەتە زۆرەکەی ئەوان بۆ مناڵەکانیان ،خۆیان تا دواڕۆژانی ژیانیان خزمەتیان دەکەن، بۆیە بەمەبەست باس لەنمونەی خەڵوەتگە کراوە،نەک وەک شوێنکی نەشیاو.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا