
عیماد محەمەد
پرسیارێکی جەوهەری و مێژوویی هەیە کە هەمیشە وەڵامەکەی برینەکانی ئەم شارە دەکولێنێتەوە، نەوتی کەرکووک چ سوودێکی بۆ دانیشتووانەکەی هەبووە؟ ئەم پرسیارە لەو ڕۆژەوەی یەکەمین دڵۆپە نەوت لە بیرەکانی بابەگوڕگوڕ لە ساڵی ١٩٢٧ هەڵقوڵاوە، تا سەردەمی خۆماڵیکردنی نەوتەکەی و تا دەگاتە ئەمڕۆ، بەردەوام دەکرێت و هەموو جارێکیش خوێن لە برینە کولاوەکەی ئەم شارە دەچۆڕێت.
کەرکووک ئەو شارەی کە بەهۆی نەوت، سامانە سروشتییەکەی و پێگە ستراتیژی و جوگرافییەکەیەوە، لەبری ئەوەی ببێتە پایتەختی ئابووری، شارستانیەت و خۆشگوزەرانی، بووەتە چەقی ململانێیەکی توندی نەبڕاوەی نێوان پێکهاتەکانی ناوخۆ، تابلۆی چاوتێبڕینی وڵاتانی ئیقلیمی و گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی بەرژەوەندییە گەورەکانی زلهێزەکانی جیهان.
لەم نێوەندەشدا، هاووڵاتیانی کەرکووک بوونەتە قوربانیی یەکەمی ئەو زێڕە ڕەشەی کە لەژێر پێیەکانیاندایە.
لەم هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەدا، هەمیشە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی باجی گەورەیان داوە، بەتایبەتیش نەتەوەی کورد کە پشکی شێری لەم نەهامەتییە بەرکەوتووە. ئەگەر گەشتێک بە مێژووی ئەم شارەدا بکەین و لاپەڕەکانی هەڵدەینەوە، دەبینین لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، داهاتی زەبەلاحی زێڕە ڕەشەکەی کەرکووک، لەبری ئاوەدانی و بونیادنانی ژێرخانێکی بەهێز، وەک چەکێکی کوشندە بەکاردەهێنرا.
لەلایەک ئەو داهات و پارەیە تەرخان دەکرا بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد، وێرانکردنی گوندەکان و هێنانی عەرەب لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و نیشتەجێکردنیان بە پێدانی پارە و زەوی لەسەر حیسابی خاوەن ماڵە ڕەسەنەکان. لەلایەکی دیکەشەوە، هەمان ئەو داهاتە دەدرا بە گوللە و چەکی کیمیاوی و مووشەک بۆ لێدانی کوردو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوخۆ و کاولکاریی دژی وڵاتانی دراوسێ لە جەنگە دۆڕاوەکاندا.
ئەوەی جێگەی داخە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣، خەڵکی ئەم شارە ئومێدێکی گەورەیان بۆ دروست بوو کە ئیتر سەردەمی زوڵم کۆتایی هاتووە و نەوت دەبێتە مایەی خێر وخۆشی بۆیان و ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەن، بەڵام زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ئێستاش ئەگەر دەسەڵاتدارانی بەغدا دەرفەتیان بۆ بگونجێت، ئەوەی بەعس تەواوی نەکرد ئەمان بە شێوازێکی توندتر و لەژێر پەردەی یاسادا تەواوی دەکەن. پەراوێزخستنی شارەکە، جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ و تاڵانکردنی داهاتەکەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم ڕاستییەن.
لە ڕوانگەی ئابووری و مافی هاووڵاتیبوونەوە، دەبوو کەرکوک لە سایەی ئەو سامانە بێشومارەیدا، ئێستا خاوەنی دڵخۆشترین و دەوڵەمەندترین دانیشتووان بووایە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبوو دیاردەکانی وەک هەژاری، بێکاری ، کرێنشینی تێیدا بەیەکجاری بنەبڕ بکرانایە، یاخود هیچ نەبوایە کەمترینی لەوانەی تێدا هەبوایە.
شاری نەوت شایستەی ئەوە بوو خاوەنی پێشکەوتووترین ژێرخان بێت، لە شەقام و شۆستەی مۆدێرن، تەلاری ناوازە، بازاڕی هاوچەرخ، هۆتێلی پڕ خزمەتگوزاری و دەیان پارکی سەوزایی و باخچە و یاریگای نێودەوڵەتی، تا دەگاتە قوتابخانەی نموونەیی و زانکۆی بەناوبانگ. دەبوو کەرکووک لەسەر ئاستی پەروەردە و زانست ڕکابەریی شارە پێشکەوتووەکانی جیهانی بکردایە، بە جۆرێک بڕوانامەی زانکۆکانی کەرکووک، لە گیرفانی هەزاران قوتابیی وڵاتانی دەوروبەر و دوورترین وڵاتان بوایە. شارێک کە ملیاران دۆلار دەڕێژێتە خەزێنەی دەوڵەتەوەو یەکێکە لە شا دەمارەکانی ئابوری عێراق، دەبوو خاوەنی ژینگەیەکی پاک و خاوێن بووایە و بەهۆی جوانییەکەیەوە ببوایەتە شوێن و جێی سەرنجی گەشتیاران.
لەسەر ئاستی تەندروستی، کەرکووک دەبوو خاوەنی کۆمەڵگەی پزیشکیی وا بێت کە پێشکەوتووترین ئامێری پشکنین و نەشتەرگەریی تێدا بێت، تا ببێتە سەنتەرێکی پزیشکی نەک تەنها بۆ ناوخۆی عێراق، بگرە بۆ وڵاتانی ناوچەکەش. بە کورتی، دەبوو کەرکووک بکرێتە دەستەخوشکی شارە هەرە پێشکەوتووەکانی ناوچەکەو جیهان.
بەڵام کاتێک لە خەیاڵ دێینە دەرەوە و دەگەڕێینەوە بۆ واقیعی تاڵی ئەمڕۆ، وێنەیەکی تەواو پێچەوانە و دڵتەزێن دەبینین، کەرکووک گیرۆدەی ژینگەیەکی زۆر پیس و ژەهراوییە بەهۆی دوکەڵ و گازی پاڵاوگە و بیرە نەوتەکان ، ئەم ژینگەیەش بووەتە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشیی کوشندە، کە ترسناکترینیان جۆرەکانی نەخۆشیی شێرپەنجەیە کە بەرۆکی منداڵان و گەنجان و پیرانی ئەم شارەی گرتووە، هەرچەندە نەخۆشخانەکانی شارەکە ڕۆژانە بەوپەڕی توانایانەوە خزمەتی نەخۆش دەکەن، بەڵام لەلایەن بەغداوە، وەک پێویست ئاوڕیان لێ نادرێتەوە و بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان ناکرێت، بە جۆرێک لە ڕووی دەرمان و ئامێرەوە کورت دەهێنن و ناتوانرێت چارەسەری هەموو نەخۆشێک بکەن، کە ئەمەش ناچاریان دەکات ڕوو لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان یان دەرەوەی وڵات بکەن.
لە ڕووی پەروەردەییشەوە، جێگەی شەرمەزاری و کارەساتە لە شارێکی وا دەوڵەمەنددا کە لەسەر دەریایەک نەوتە، هێشتا بەشێک لە قوتابخانەکان بیناکانیان کۆن و وێرانن، یاخود سێ دەوامیان تێدا دەکرێت، پۆلەکان هێندە قەرەباڵغن کە قوتابی و مامۆستا هەناسەیان تێدا تەنگ دەبێت، ئەمەش وایکردووە قوتابی وەک پێویست سوود لە وانەکان وەرنەگرێت و ئاستی پەرەوەردەو فێربوون پاشەکشێ بکات.
لەپاڵ ئەمانەشدا، ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجان و دەرچووانی زانکۆ لەوپەڕی بەرزیدایە، لە کاتێکدا کۆمپانیا نەوتییەکان پڕن لە کرێکار و فەرمانبەری هاوردەکراو. هەژاری و کرێنشینی بەرۆکی خەڵکی گرتووە، زۆرێک لە خەڵکی شارەکە، بەتایبەت ئەو خێزانە کوردانەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕانەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان، هێشتا بەشێکیان لە نێو سەربازگە و بینا کۆنە سەربازی و ئەمنییەکاندا نیشتەجێبوونە، یاخود بە ناچاری بە شێوەی زیادەڕۆ (تەجاوەز) لە خانوویان دروستکردووە و لە بارودۆخێکی بێ خزمەتگوزاریدا دەژین. ڕێگاوبانەکانی شارەکەش پڕن لە چاڵ و تاسە و وێرانن، کە ڕۆژانە دەبنە هۆکاری ڕووداوەکانی هاتووچۆ و گیانلەدەستدانی هاووڵاتیان.
خزمەتگوزاریەکانی ئاو و کارەبا، ئەو کێشانەن کە هاوشێوەی نەخۆشیە درێژ خایەنەکان ، بێ چارەسەر ماونەتەوە.
لێرەدا ئەو پرسیارە لۆژیکی و حەتمییە بەرەوڕووی هەموو دەسەڵاتداران، حکومەتی عێراق و بڕیاربەدەستان دەبێتەوە، شارێک کە لەسەر دەریایەک لە نەوتی ڕەش بنیاد نرابێت، ئابووریی وڵاتێک بژێنێت و مووچەی ملیۆنان کەس دابین بکات، چۆن دەبێت و تا کەی قبوڵکراوە دانیشتووانەکەی لە نێو زەلکاوی هەژاری، نەخۆشی ، بێ خزمەتگوزاریدا بژین؟ نەوتی کەرکووک، بە درێژایی مێژوو، پێش ئەوەی نیعمەت بێت، بۆ خەڵکەکەی بووەتە نەفرەت، بووەتە هۆکاری سڕینەوەی ناسنامەیان و تێکدانی ئارامییەکەیان، بەڵێ نەوتێک کە بۆ شارەکانی تر ئاوەدانییە،بەڵام بۆ کەرکووک و کەرکوکیەکان تەنها دوکەڵ و تاڵانی و ماڵوێرانییە.