
هۆمەر محەمەد
لەبەراییدا دەبێت بڵێم من ئەم ژنە تێکۆشەرە ناناسم، هیچ کات چاوم پێی نەکەوتووە، بەڵام ئەم جۆرە مرۆڤە دەگمەنانە لەهەر کوێبن، سەربەهەر نەتەوەو ئاین و باوەڕێک بن هاوڕێ و هاوخەم و هاوخەباتن. بۆیە لەهەرکوێیەک مرۆڤێک هەبێت بۆ ژیانی شکۆمەندانەی مرۆڤ تێبکۆشێ دەشێت کەسی نزیکی ئێمە بێت. بەسەرکەوتنەکانی شادو بەمەرگیشی نیگەران و پرسەداربین.
یەنار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئازادیی ژنان لە عێراق، بۆ داکۆکیکردن لەمافە مەدەنییەکانی ژنان و سەرنووسەری ڕۆژنامەی "ئەلموساوا" بوو..
بەداخەوە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە بەغدادی پایتەخت کرایە ئامانجی تیرۆرستان و تیرۆرکرا.
بەپێی زانیارییەکان، دوو چەکداری ماتۆڕسکیل سوار لەبەردەم ماڵەکەیدا تەقەیان لێکردووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.
ئاستی خوێندن:
یەنار محەمەد لە ساڵی ١٩٦٠ لە بەغدا لە دایکبووە. لە ساڵی ١٩٨٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری لە زانکۆی بەغدا و لە ساڵی ١٩٩٣ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی تۆرۆنتۆی کەنەدا بەدەستهێناوە. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیەکان لە ساڵی ٢٠٠٣، لە کەنەداوە بەخەونی تێکۆشان و ئازادییەوە گەڕایەوە عێراق و "ڕێکخراوی ئازادیی ژنان لە عێراق"ی دامەزراند.
خەبات لەدژی جەهل وستەمکاریی:
ئەم ژنە عەلمانییە تێکۆشەرە یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەتایبەتیش ژنان لە عێراق دەناسرا. خەباتی ئەو ئاسان نەبوو بەڵکو لەناو جەرگەی کۆنەپەرستی و لە ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئاڵۆزدا هەڵدەسوڕا، کە تیایدا پیاوانی کۆنەپەرست سیستەمێکی فاشیانەیان تێدا دامەزراندووە، بیری پیاوسالاری و توندڕەوی ئایینی ئاخوندو ئەفەندییەکان گەمارۆی هەموو دەنگێکی ناڕازییان داوە لەو دۆخەدا ئەو ژنە تێکۆشەرە دژایەتییەکی سەختی هەوڵە یاساییەکانی دەکرد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی (وەک هاوسەرگیری پێشوەختە) بۆیە بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەو هەژموونی گروپە توندڕەوەکان بووەتەوە.
پەناو داڵدەدەری ژنان:
یەنار محەمەد یەکەمین شەڵتەری "نهێنی" و "ئاشکرا"ی بۆ پاراستنی ئەو ژنانە لە بەغدا و چەند شارێکی تری عێراق دروست کرد کە مەترسیی "کوشتنیان لەسەر بوو، بەتایبەتیش ئەوانەی لەسەر شەرەف" ڕووبەرووی توندوتیژیی خێزانی دەبوونەوەو هەڕەشەی مەرگیان لەسەربوو. ئەمەش لەبەرانبەر دەسەڵاتی سیاسی و میلیشیاکان ئاسان نەبوو کە بە چاوێکی دوژمنکارانە تەماشای ئەو جۆرە چالاکییانەیان دەکردو بە تاوان و بەدڕەوشتییان دەزانی وەک بڵێی کوشتن و ئەتککردنی ژن خۆی تاوان و بەدڕەوشتی نەبێت ؟!
خەڵاتە جیهانییەکان:
یەناری شەهید بەهۆی کارە مەزنەکانی بەتایبەتیش خەبات بۆمافەکانی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دوو خەڵاتی نێودەوڵەتی پێبەخشراوە لەوانە:
١- خەڵاتی دامەزراوەی گرووبەر بۆ مافەکانی ژنان (٢٠٠٨).
٢- خەڵاتی ڕافتۆی نەرویجی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠١٦).
سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو لەلایەن گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، بەڵام یەنار محەمەد تا دوا ساتەکانی ژیانی بەغدای جێنەهێشت و لەخەبات دژی جەهل وستەمکاری بەردەوام بوو.
ڕۆحی شادبێت. تیرۆرستان ریسواتربن