
ستار ئەحمەد
کاتێک باس لە پەیوەندی و ململانێی ئەزەلیی نێوان داد و ستەم دەکەین، لە ڕاستیدا باس لەو مەودا قووڵ و پڕ لە ئازارە دەکەین، کە لە نێوان یاسا پیرۆزەکان و واقیعێکی پڕ لە زوڵمی مرۆییدا دروست بووە؛ ئەو درزە گەورەیەی ،کە وایکردووە مرۆڤی هاوچەرخ لە نێوان دروشمەکان و ژیانی تاڵی ڕۆژانەیدا تووشی نامۆبوون و بێئومێدییەکی کوشندە ببێت. ئاسمان لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە پەیامی ناردووە تا ئابڕووی مرۆڤ بپارێزێت، تا ڕێگری بکات لەوەی مرۆڤ ببێتە گورگ بۆ برای خۆی، تا شکۆو سامان و گیانی هەموو تاکێک وەک هێڵێکی سوور تەماشا بکرێت، بەڵام کاتێک سەیری دەوروبەر دەکەین، دەبینین ئەو پیرۆزییانە بوونەتە قوربانی بەرژەوەندیی هێزەکان و ئایین و یاسا کراونەتە کەرەستەیەک بۆ داپۆشینی ڕووی قێزەونی تاوانباران.
گەورەترین کێشە لێرەدا ئەوەیە کە زۆر جار سیستەمەکان و لێکدەرەوەکانی پیرۆزی، لە بری گەڕان بەدوای جەوهەری مافدا، تەنها خەریکی پاراستنی ڕواڵەتی یاساکانن و هەموو ئایینیان لە چەند تاڵێک ڕدێندا کورت کردووەتەوە. زۆر بە وردی و بە جۆش و خرۆشەوە باس لە درێژی و کورتیی ڕیش دەکەن و وەک ئەوەی گەورەترین کێشەی گەردوون بێت، دەیکەنە پێوەری ڕەوشت و باوەڕو پۆلێنکردنی مرۆڤەکان بۆ چاک و خراپ. لێرەدایە کە فەلسەفەی دادپەروەری لەناو دەچێت؛ چونکە کاتێک ڕواڵەت مەرجی پیرۆزیی ڕەها بێت، مرۆڤ دەبێتە قوربانیی.
ستەملێکراو دەپرسێت: چۆن دەبێت تاشینی ڕیش ببێتە گوناهێکی گەورە و هەموو سەکۆکانی بۆ بهەژێنرێت، بەڵام لەناوبردنی خێزانێک، دەستدرێژیکردنە سەر ئابڕووی دایک و خوشک، دزینی ڕەنجی چەندین ساڵەی مرۆڤێک و دەربەدەرکردنی بە چوار لای وڵاتدا، تەنها وەک ڕووداوێکی ئاسایی یان چارەنووسێکی خودایی تێپەڕێنرێت.....؟
لە ڕووی مێژووییەوە، هەموو شارستانییەتەکان کاتێک داڕماون، کە یاسا بووەتە تەڵە بۆ هەژار و قەڵغان بۆ بەهێز. کاتێک دەسەڵاتدار و ستەمکار دەتوانن بە چوار وڵاتدا مرۆڤێک ڕاو بکەن و ژیانی تێکبدەن، بەڵام هیچ دەقێکی یاسایی یان ئایینی نییە ڕێگرییان لێبکات، ئەوا ئێمە لەبەردەم جەنگەڵێکی ڕێکخراوداین نەک کۆمەڵگەیەکی خاوەن شارستانی. کێشەی داد و ستەم تەنها کێشەی وشە نییە، بەڵکو کێشەی بوونە. ئەو گەوجاندن و فێڵە مرۆییانەی، کە بە ناوی پیرۆزییەوە هەموو تاوانێک دادەپۆشن، گەورەترین مەترسین بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی. بێدەنگیی پیاوانی ئایینی و یاسا ناسان لە ئاست ستەمی گەورە و هاوارکردنیان لە ئاست وردەکارییەکی ڕواڵەتی، نیشانەی تێکچوونی هاوسەنگیی ڕەوشتییە لە کۆمەڵگەدا.
لە لایەکی ترەوە، دەروونناسیی ستەمکار پێمان دەڵێت: کە ئەوانەی مافی خەڵک دەخۆن، هەمیشە پێویستیان بە پەردەیەک هەیە بۆ حەشاردانی ناشرینییەکانیان؛ چ پەردەیەک لە بابەتی لاوەکی و دروشمی ئایینیی باشترە بۆ ئەوەی سۆزی خەڵکی پێ ڕابکێشرێت و ڕێگری لە لێپرسینەوە بکرێت.....؟
بەڵام ئاسمان و ویژدانی مرۆیی تەنها ئەو کاتە ئاشت دەبنەوە کە پیرۆزیی ژیانی مرۆڤ بخرێتە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکەوە. ئەگەر یاسایەک نەتوانێت پەنایەک بێت بۆ بێدەرەتان، ئەگەر نەتوانێت دەستی بکوژ و دز کورت بکاتەوە و تۆڵەی ستەملێکراو لە ستەمکار بسێنێتەوە، ئیتر چ جیاوازییەکی هەیە لە نێوان بوونی ئەو یاسایە و نەبوونی....؟
دادپەروەریی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ڕێگری لە هەر جۆرە دەستدرێژی و زەوتکردنی مافێک بکرێت، کە بە ناوی یاسا و ئایین و وڵاتەوە ئەنجام دەدرێت. تا ئەو کاتەی مرۆڤ لەسەر ئەم زەوییە هەست بە ئارامی و پارێزراوی نەکات، مەودای نێوان ئاسمان و زەوی هەر بەو شێوەیە پڕ لە گومان و ئازار دەمێنێتەوە. بێدەنگی لە ئاست ستەم، گەورەترین تاوانە کە هیچ ڕیش و پۆشاک و دروشمێک ناتوانێت پەردەپۆشی بکات. ململانێی ڕاستەقینە لێرەدا لە نێوان وشەکاندا نییە، بەڵکو لە نێوان ئەو دادەیە کە کەرامەتی مرۆڤ دەپارێزێت و ئەو ستەمەی کە جیهانی داپۆشیوە.