ئەشکان باوەڕ - سنە
ساڵی ١٨٠٥، سنە لە کۆشکێکدا کە هەنگاوەکانی گەورەکانی سیاسەت و ورەوری کەسایەتییە کولتورییەکان دەنگی ئەدایەوە، کچێک لە دایک دەبێت کە دواتر لە نێوان شەڕ و هەڵچوونەکاندا، نەک وەکوو هاوسەری والییەک، بەڵکوو وەکوو دەنگی نەتەوەیەک خۆی جێگیر دەکات و مێژوویەکی تازە بە دەستی خۆی بۆ ژنانی کوردستان دەنووسێتەوە.
«ماهشەرەفخانی ئەردەڵان» ناسراو بە «مەستوورە ئەدەڵانی» لە ساڵی ١٨٠٥ی زایینی لە شاری سنەی پایتەختی ئەو کاتی میرنشینی ئەردەڵان لە نێو بنەماڵەی قادرییەکان، کە لە بنەماڵە گەورەکانی ئەو کاتی سنە بوون و لە سیاسەت و ئەدەبیاتدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە، لە دایک دەبێت. مەستوورە لە تەمەنێکی کەمەوە توانای خوێندنی هەبوو لە کاتێکدا کە لەو سەردەمەدا ئەو شتە بۆ زۆرێک لە کوڕەکانیش ئەستەم بوو. ئەو شارەزایی زمانەکانی کوردی، فارسی و عەرەبیدا پەیدا کرد کە ئەو کلیلە زێڕینە بوو بۆ کردنەوەی درگای مێژوو. لەو کاتەدا کە مێژوو نووسین زۆرتر لە ژێر دەستی پیاواندا بوو مەستوورە وەکوو یەکەمین ژنی کورد بە کەڵک وەرگرتن لە خوێندن و باروودۆخی بنەماڵەیی خۆی وەکوو یەکەم ژنی کورد دەستی کرد بە مێژوونووسی.
مەستوورەخان ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ «خەسرەو خان»ی ئەردەڵانی کە ئەو کاتە والی ئەردەڵانەکان بوو پێکهێنا و هەر بەو هۆیەوە بووە خانمی یەکەمی ئەردەڵانەکان و لە کۆبوونەوە فەرهەنگی و ئەدەبییەکاندا چالاکی هەبوو، هەروەها شاهیدی ململانێ سیاسی و چالاکییە دیپلۆماتیکەکان بوو، کە هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە زانیارییەکی باشی سەبارەت بە باروودۆخی ئەو کاتەی ئەردەڵانەکان بێت و بە کەڵک وەرگرتن لەو زانیارییانە و سەوادی خۆی، کتێبی «مێژووی ئەردەڵان»ی بە زمانی فارسی نووسی. لەم کتێبەدا باس لە مێژوو و پەیوەندییەکانی ئەردەڵانەکان لەگەڵ عوسمانی و قاجارەکاندا ئەکات.
مەستوورە جیا لە مێژوونووسی شارەزاییەکی باشی لە ئەدەبیاتدا هەبوو و شیعری بە زمانی کوردی و فارسی نووسیوە، زۆرینەی شیعرەکانی ئەو عیرفانی بوون و وەسفی خۆشەویستی و سرووشتی تیا ئەکات.
هاوسەرگیرییەکەی مەستوورە و خەسرەو خان زۆری نەخایاند و هاوسەرەکەی لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا کۆچی دوایی ئەکات. ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مەستوورە ئەبێت و بۆ ئەم مەرگە لە ناکاوەی هاوسەرەکەی شیوەنێکی ١٣٠ بەیتی ئەنووسێت کە ئەبێت بە درێژترین شیوەن لە ئەدەبیاتی کوردیدا. پاش ئەم کۆچە لەناکاوەی هاوسەرەکەی، مەستوورە بە هۆی ناکۆکییەوە لەگەڵ خێزانی مێردەکەیدا بڕیار ئەدات کە سنە جێبهێڵێت و بەرەو سلێمانی بڕوات. بەڵام لەم کۆچ کردنەیدا تەنیا نەبوو و نزیکەی هەزار کەس لە بنەماڵەکەیان لەگەڵیدا ڕۆشتن. بابانییەکان وەفدێکیان نارد و بەخێرهاتنیان لێیان کرد و لە سلێمانیدا پێگە و بەهای گرنگیان بۆیان دانا. لە هەمان کاتدا نالی شاعیر لە ڕێوڕەسمی حەجکردن ئەبێت و بەتەمای گەڕانەوە بوو بۆ سلێمانی و کە هەواڵەکە ئەبیستێت ئەڕواتە ئیستەنبوڵی تورکیا. دوای چوونی بۆ ئەوێ بە پێچەوانەی ئەو ڕووەی کە هەموومان لە نالی بینیومانە لە شیعرێکدا هێرش ئەکاتە سەر مەستوورەی ئەردەڵان و چەندین قسەی پێئەڵێت، کە مەستوورەش وڵامی ئەداتەوە و ئەم هەجوو کردنانەی کە لە نێوانیاندا ڕوویدا بووە هۆی ئەوەی کە شێوازی هەجوو زیاد ببێتە ناو ئەدەبیاتی کوردی.
ماهشەرەف خانم لە ساڵی ١٨٤٨ی زاینی دا کە تەمەنی ٤٣ ساڵ بوو کۆچی دوایی ئەکات و لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک ئەسپێردرێت.