
خراپی کەشوهەواوە چەند ناوچەیەكی ناچاری راگەیاندنی پشوو كرد، ئەمڕۆ لە قوتابخانەکانی کۆیە و تەقتەق کرا بە پشوو، پەروەردەی پشدەریش بڕیاریدا دەوامی قوتابخانەی گوندە دوورەدەست و سنوورییەکان بکاتە پشوو، بەڵام لەناو شاری قەڵادزێ و ناحییەکان، ئاساییە.
دوێنێ سێشەممە ١٣ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کۆیە لە بارەی دەوامی ئەمڕۆی قوتابخانەکان بڕیاریدا، بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە لەپێناو سەلامەتی مامۆستایان و خوێنكاران، لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە کۆیە و تەقتە و ناحیە و گوندەکان لەسنووری پەروەردەی کۆیە بکرێتە پشوو.
هاوکات پەروەردەی پشدەریش بڕیاریداوە کە سبەی لە تەواوی قوتابخانەکانی گوندە سنووری و دوورە دەستەکان کە ئەگەری بەفر و بارانی زۆریان هەیە پشوو دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەنتەری پشدەر واتە قەڵادزێ، لەگەڵ گوندەکانی دەورو بەری دەوام ئاسایی دەبێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەریەک لە پەروەردەکانی (پێنجوێن، دوکان، سۆران)، دەوامی ئەمڕۆ چوارشەممەیان کردووە بە پشوو.