پێگەی نووسەر لە كۆمەڵگەدا هەمیشە پێگەیەکی پێشەنگ و هۆشیارکەرەوە بووە، چونکە نووسین خۆی لە خۆیدا کەرەستەی دەربڕینی ڕاستی و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوسانەوەیە. نووسەری ڕاستەقینە دەبێت ویژدانی زیندوی نەتەوەکەی بێت و دەنگی بێدەنگەکان بگەیەنێت، نەک ببێتە داپۆشەری کەموکورتییەکان یان پارێزەری بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات. کاتێک نووسەرێک بەهای پێنووسەکەی دەفرۆشێت و دەکەوێتە دوای دەسەڵاتداران، ئەو کاتە لە ڕێڕەوی پیرۆزی خۆی لادەدات و دەکەوێتە نێو زۆنگاوی پاشکۆیەتی و بێئابڕوویی هزرییەوە. ئەم دیاردەیە نەک تەنیا کەسایەتیی نووسەر خۆی دەڕوخێنێت، بەڵکو زیانێکی گەورە لە ئاگاداریی کۆمەڵایەتی و ڕەوتی ڕۆشنبیریی نەتەوەیەک دەدات، چونکە بێدەنگبوونی پێنووسە ڕاستگۆکان و باڵادەستبوونی بێدەنگ کەران، بڕست لە گیانی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگە دەبڕێت.

کاتێک باس لە ویژدان دەکەین لە کایەی داهێنان و داڕشتندا، مەبەستمان لەو سەربەخۆییە ڕەهایەیە کە ڕێگە بە نووسەر دەدات بەبێ ترسی سزادان یان چاوەڕوانی پاداشت، ڕاستییەکان وەک خۆیان دەستنیشان بکات. لە بەرامبەردا، پاشکۆیەتی و کلکایەتی بە واتای لەدەستدانی سەرتاپای سەربەخۆیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین دێت. ئەو نووسەرەی ڕێگەی دەستەمۆبوون هەڵدەبژێرێت، پێنووسەکەی دەکاتە کەرەستەیەک بۆ هەڵپەڕین بەپێی ئاوازی دەسەڵاتداران و دەستکەوتی مادی کاتی. ئەم جۆرە کەسانە لەبری ئەوەی ببنە ڕێنوێنی کۆمەڵگە بەرەو ئازادی و هۆشیاری، دەبنە هۆی تاریک کردنی ئاگاداریی گشتی و ڕەوادان بە جۆرەکانی ستەم. زیانی نووسەری پاشکۆ بێئەندازە گەورەیە، چونکە بەناوی ڕۆشنبیری و زانستەوە خەڵک هەڵدەخەڵەتێنێت و وشە پیرۆزەکان بۆ خزمەتی نادادپەروەری بەکاردێنێت. کاتێک ڕەخنەی بنیادنەر دەبێتە ستایشکردنی کوێرانەی دەسەڵات، ئیتر وشە کانیاوی زانیاری نییە، بەڵکو دەبێتە ڕێگرێک لە بەرامبەر گەشەی هزر و ئازادیدا.

نووسەر لەم هاوکێشەیەدا هەمیشە لە نێوان دوو ڕێگەی دەستنیشان کراودایە؛ ڕێگەی یەکەم پاراستنی سەربەخۆیی هزری و وەستانەوەیە لە سەنگەری گەل و چینە چەوساوەکان، ڕێگەی دووەمیش چوونە ژێر باری ویستی هێزە باڵادەستەکان و مامەڵەکردنە بە وشەوە. ئەو کەسەی ویژدانی دەکاتە سەرمایەی کارکردنی، باش دەزانێت کە باجی سەربەخۆبوون ڕەنگە قورس بێت و تووشی پەراوێز خستن یان گوشاری جۆراو جۆری بکاتەوە، بەڵام ئەم سزادانە تەنیا کەرستەی مانەوەی بەهای زانستی و ڕەوشتیی بەرهەمەکانییەتی. بە پێچەوانەوە، چوونە نێو داوی پاشکۆیەتی دەستکەوتی کاتی  بەخۆوە دەبینێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ناونیشان و پایەی وێژەیی نووسەرەکە بۆ هەمیشە دەسڕێتەوە و دەیکاتە ئامرازێکی بێگیان لە دەستی هێزە ڕامیاری یان کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکاندا.

کاتێک ڕۆژنامەگەری و بەرهەمی وێژە، لە پاکیی خۆیان بەتاڵ دەکرێنەوە، متمانەی جەماوەر بەرامبەر بە ڕۆشنبیران بە تەواوی لەنێودەچێت. کۆمەڵگەیەک کە نووسەرەکانی ببنە پیاوی دەسەڵاتدار و دەستەمۆی هێزە ناوخۆیی یان دەرەکییەکان، دووچاری سڕبوونی مێشک و بێئومێدییەکی گەورە دەبنەوە. ئەرکی نووسەری ڕاستەقینە لەم جۆرە دۆخانەدا، پاراستنی سەربەخۆیی هزری خۆی و بەرگری کردنە لە مافەکانی جەماوەر، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە قێزەونەیە کە هەوڵی بێبەهاکردنی وشە و زانست دەدات. نووسەر ئەگەر نەتوانێت لە بەرەی گەل و ڕاستیدا بێت، هەموو بەرهەمەکانی دەبنە ڕستەی بێگیان کە تەنیا خزمەت بە مانەوەی بارودۆخی بێدادی دەکەن. داڕمانی ڕۆڵی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگەدا سەرەتای سەرهەڵدانی بێدەنگبوونی گشتی و نەمانی توانای گۆڕانکارییە، چونکە کاتێک دەنگی ئازاد کپکرا، هیچ دەنگێک نامێنێتەوە کە بتوانێت ڕێڕەوی هەڵەی دەسەڵاتداری و کۆمەڵگە راست بکاتەوە.

مێژووی وێژە و بیری گەلان سەلماندوویانە، کە تەنیا ئەو نووسەرانە لە ویژدانی مێژوودا بە زیندوویی دەمێننەوە کە بەرامبەر بە ستەم و دەسەڵاتی زۆردار بێدەنگ نەبوون. ئەوانەی پێنووسەکەیان خستە خزمەت بەرژەوەندییە تەسکە ڕامیاری یان مادییەکان، زۆر زوو لەبیر چوونەوە یان ناویان بە شەرمەزارییەوە لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار کرا. کاتێک نووسەر دەبێتە بەشێک لە هۆکاری بڵاوکردنەوەی درۆ و جوانکردنی ڕوخساری تاوان، جیاوازیی لەگەڵ هیچ ئامرازێکی تردا نامێنێت. بەهای وشە لەوەدایە کە ئازاد بێت و توانای گوڕین و کاریگەریی هەبێت، نەک ببێتە هۆکارێک بۆ فریودانی خەڵکی هەژار و ستەملێکراو.

ئەم ململانێیە بەردەوامەی نێوان هۆشیاری و دەستەمۆبوون، تاقیکردنەوەیەکی ڕۆژانەیە بۆ هەر کەسێک کە پێنووس دەگرێتە دەست بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامێک، چونکە جیاوازیی نێوان نووسەری ئازاد و نووسەری پاشکۆ لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا دەردەکەوێت بەرامبەر بە دەسەڵات و هێزە باڵادەستەکان.

ڕێگەی پێنووسی سەربەخۆ هەمیشە پڕە لە سەختی و کۆسپ، بەڵام تەنها ئەم ڕێگەیەیە کە ناوی نووسەر لە مێژوودا بە بەرزی دەهێڵێتەوە. دەسەڵاتەکان دێن و دەڕۆن، دەستکەوتە مادییەکانیش لەنێودەچن، بەڵام ئەو وشەیەی لەسەر بنەمای ڕاستی و ڕاستگۆیی نووسراوە، بۆ هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە. نووسەر ئەگەر بیەوێت خزمەت بە نیشتمان و گەلەکەی بکات، دەبێت کۆتی پاشکۆیەتی بپچڕێنێت و تەنها پابەندی ویژدانی خۆی و ڕاستییەکان بێت، چونکە مێژوو بەزەیی بەو کەسانەدا نایەتەوە کە پێنووسەکەیان خستە خزمەت زۆرداران. پاراستنی سەربەخۆیی هزری تەنیا ئەرکێکی ڕەوشتی نییە، بەڵکو مەرجی یەکەمە بۆ مانەوەی ناوی نووسەر وەک هێمایەکی هۆشیاری و ئازادی، و ڕێگریکردن لە پەراوێز خستنی تێکۆشانی گەلێک کە پێویستی بە وشەی سەربەست و ڕاستگۆ هەیە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا