- حەیدەر مەنتک
 
لە ڕاستیدا، ڕاوێژکردن تەنیا ئامرازێک نییە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵەکان، بەڵکو کلتوورێکی قوڵی هاوبەشیپێکردنی بەرپرسیارێتییە.

 کاتێک سەرکردە یان بەڕێوەبەرێک ڕاوێژ بە دەوروبەرەکەی دەکات، متمانە و دڵسۆزی لە نێوان تاكەکاندا دەچێنێت و هێزی کاری بەکۆمەڵ بەگەڕ دەخات. 

چونکە بڕیاری تاکڕەوانە هەمیشە کورتبینانەیە، بەڵام بڕیارێک کە لە ئەنجامی ڕاوێژ و گۆڕینەوەی هزری جیاوازەوە لەدایک ببێت، بەرگرییەکی بەهێز لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا دروست دەکات.

 هیچ دامەزراوەیەک بەبێ گوێگرتن لە دیدگا جیاوازەکان ناتوانێت گەشەیەکی تەندروست بکات، بۆیە ڕاوێژ کلیلی ڕاستەقینەی گۆڕینی بیرۆکە خامەکانە بۆ سەرکەوتنی گەورە.


هەر هەنگاوێک، هەر پێشنیارێک، یان بیرکردنەوەیەک ئاراستەی خزمەتی گشتی بێت، ئەگەر کەسی یەکەم تاکلایەنە بڕیاری لێ بدات، بێگومان ئەو پڕۆژەیە یان ئەو هەنگاوە بە کەرچووکاڵی لەدایک دەبێت.

 وەلێ هەموو ئەو ئاڕاستە و کارانەی لە پێشەوە تیشکمان خستە سەریان، ئەگەر بە ڕاوێژ بڕیاریان لێ بدرێت، سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە و دەگەیتە ئامانجی ڕوون.


دوور لە سیاسەت و دوور لە حوکمڕانیش، ئەگەر باسی گەشتێکی خێزانی بکەین لەم کەشوهەوا گەرمەی ئێستادا کە خەڵک ڕوو لە سەیرانگا کوێستانییەکان دەکەن، دەبینین ئەو خێزانانەی بە بەرنامە، پلان و ڕاوێژ هاتوونەتە گەشت و پێشوەخت شوێن و کاتی گەشتەکەیان دیاری کردووە، پلانەکەیان زۆر سەرکەوتوو بووە.


جا بۆ حزب، ڕێکخراوێک، فەرمانگەیەک، یان ئەنجومەنێکی حیزبی و ڕێکخراوێکی مەدەنی، دەبێت ڕاوێژ بکرێتە سەرەکیترین بنەما بۆ گەیشتن بە بەرنامە و پلانی کار.

 لادان لە ڕاوێژکردن، لادانە لە هەموو ئەو بنەمایانەی ڕێکخراوبوونیان لەسەر بونیات نراوە.

بە ڕای من ڕاوێژکردن لە زۆر قۆناغدا شوێنی چەندین دەستەواژەی گرنگ دەگرێتەوە، وەک: ڕێزگرتن، نەهێشتنی گلەیی، گەیشتن بە ئامانج، پێشکەوتن لە کار و خۆشەویستی.

هەر بۆیە زۆر جار پەنا دەبرێتە بەر لێژنە دروستکردن، ئەگەر نیەتی کاری دروست لەم ستاف، ئەنجومەن، ڕێکخراو یان فەرمانگەیەدا هەبێت، پێویست بە لێژنەدروستکردن ناکات، بەڵام ئەگەر لەوێشدا نیەتەکە ئاراستەی خزمەتی گشتی و گەڕانەوە بۆ بنەما دروستەکان نەبێت و سەرۆکی لێژنە ڕێز لە ڕاوێژ نەگرێت، لیژنەکە هیچ بەرهەمێکی نا بێت.
جا گرنگە بۆ دەسەڵاتی بەناو کوردی بگەڕێنەوە بۆ ڕاوێژکردن، بۆ گەیشتن بە پێدانی سەرەتاکانی مافی مرۆڤ، مافی فەرمانبەران، سەروەریی یاسا، و گەڕانەوەی هەیبەت بۆ کەرتی پەروەردە و تەندروستی.

 هیوا و خۆزگەکان لەم بەناو هەرێمەدا ئەوەندە زۆرن، لە نووسیندا کۆتایییان نایەت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا