
واشنتۆن بۆ زەیدی: ئەگەر ئەم گرووپانە چەک نەکەن، گەمارۆکانی سەر دۆلار بەردەوام دەبێت.
زەیدی لەبەردەم بژاردەیەکی قورسدایە.
پەنابردن بۆ هێزی سەربازی مەترسی بەرپابوونی شەڕێکی ناوخۆیی دروست دەکات.
ژووری هەواڵ
فشارەکانی ئەمریکا و ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر حکومەتەکەی عەلی زەیدی بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی گرووپە چەکدارە نزیکەکان لە ئێران گەیشتووەتە لوتکە.
واشنتۆن چەند جارێک بە ڕاشکاوی بە حکومەتی زەیدی و پێشووتریش بە سودانی ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەم گرووپانە چەک نەکەن، گەمارۆکانی سەر دۆلار بەردەوام دەبێت و سزای زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ترەمپ هەوڵدەدات کۆمپانیا زەبەلاحەکانی، بگەڕێنەوە عێراق و زۆرترین وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و ژێرخانە ستراتیژییەکانی عێراقدا ئەنجام بدەن. بەڵام ئەگەر ئەم گرووپانە چەک نەکرێن، ئەوا ڕووبەڕووی کۆسپ دەبنەوە.
لە بەرامبەردا، چەند جارێک گرووپە چەکدارەکان، ڕەتیانکردووەتەوە چەک ڕادەست بکەن و بەردەوام دەبن لە بەرگری.
چاودێران پێیان وایە، زەیدی لەبەردەم بژاردەیەکی قورسدایە، پەنابردن بۆ هێزی سەربازی دژی ئەو گرووپانە، مەترسی بەرپابوونی شەڕێکی ناوخۆیی و لاوازبوونی سوپای عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکەدا دروست دەکات.
هەروەها بەبۆچوونی چاودێران، ئێران بە ئاشکرا پشتیوانی لەو پێگە ستراتیژییەی دۆستەکانی دەکات، کە لە ساتەوەختی هێرشی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەم گرووپانە بە ئاشکرا چوونە بەرەی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردە ئامانج.
چاودێران وای دەبینن، عێراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت. پشتبەستن بە چارەسەری ئەمنی لەسەر حیسابی سیاسەت، ئاسۆی داهاتووی وڵاتی بەرەو ناسەقامگیرییەکی مەترسیدار بردووە، کە ئاکامەکەی ڕوون نییە و هەڕەشەی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ئابووری و سەروەریی عێراق.
