
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە چوارچێوەی یاسای نوێی کۆچ و پەنابەریدا، بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە بەپێی ئەوە، ئەو پەنابەرانەی مافی مانەوەیان پێدەدرێت، ناچار دەکرێن بڕی ١٠ هەزار پاوەند بە حکومەت بدەنەوە. ئەم بڕە پارەیەش وەک قەرەبوویەکە بۆ تێچووی نیشتەجێبوون و ئەو هاوکارییە داراییانەی کە پێش وەرگرتنی مافی پەنابەری پێیان دراوە.
مەرجەکان و کاتی پێدانی پارەکە
توانای دارایی: لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویست ناکات پارەکە دەستبەجێ بدرێت، بەڵکو هەر کاتێک توانای دارایی پەنابەرەکە باش بوو، دەبێت ئەو بڕە پارەیە بگێڕێتەوە.
گۆڕانکاری لە بڕیارەکە: وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئەگەری گۆڕانکاری لە بڕی پارەکەدا هەیە، بەڵام بنەمای بڕیارەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
مەترسییەکانی سەرپێچیکردن لەم یاسایە
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری توند دەدات کە پابەندنەبوون بەم بڕیارەوە زیانی گەورە بە پاشەڕۆژی پەنابەران دەگەیەنێت سەرپێچیکردن یان نەدانی پارەکە لە کاتی هەبوونی توانای دارایی، کێشە بۆ پڕۆسەی یاسایی پەنابەرەکە دروست دەکات و کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر مافی مانەوەی هەمیشەیی لە بەریتانیادا.
