
زیاتر لە ٢٩ هەزار حاڵەت لە پێنج مانگدا تۆمارکراوە
ژووری هەواڵ
بەپێی نوێترین ئامارەکانی دادگاکانی عێراق، دیاردەی جیابوونەوەی هاوسەران ڕووی لە زیادبوون کردووە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٩ هەزار و ٦٨٢ حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکان تۆمارکراون.
ئەم ئامارانە کە مانگەکانی کانونی دووەم، شوبات، ئادار، نیسان و ئایار لەخۆدەگرێت، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە وڵاتدا، لەکاتێکدا هێشتا ئاماری مانگی حوزەیران نەخراوەتە ڕوو.
لە بەرانبەر ئەم ژمارەیەی جیابوونەوەدا، دادگاکانی عێراق تۆمارکردنی ١٣٥ هەزار و ٢٩٠ حاڵەتی هاوسەرگیرییان پشتڕاستکردووەتەوە.
ئەم ئامارانە تەنها ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەگرێتەوە و هەرێمی کوردستان لەم ئامارانەدا ئەژمار نەکراوە.
شارەزایانی کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدەن لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم ئاستە لە جیابوونەوە لەسەر پێکهاتەی خێزان و سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە عێراقدا، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوونی هۆکارەکان هەیە.
