
مارک سافایا، نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق، ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەیەکی لە کۆشکی سپی لەگەڵ "بیت هیگسێس" وەزیری جەنگ و "سیباستیان گۆرکا" بەڕێوەبەری کاروباری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجامداوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند مەلەفێکی پەیوەست بە بارودۆخی عێراق.
سافایا لە تویتێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندوە ، کە کۆبوونەوەکە لەگەڵ هیگسێس و گۆرکا ئەنجامدراوە و تێیدا باس لە پرسە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا باس کراون، لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ عێراق بە شێوەیەکی فراوانتر تاوتوێ دەکرێن. ڕوونیشیکردەوە کە زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و خاوەن بڕیارەکان ئەنجام دەدات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئالەنکاریانەی لەسەر زەوی هەن، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بکات.
نێردەی ئەمریکا لێدوانەکەی بەم ووتەیە کۆتایی پێهێنا: "با جارێکی تر عێراق مەزن بکەینەوە."