
پاک: ئەگەر فشارەکان زۆر ببن، هەرێمی کوردستان جێدەهێڵین بەڵام چەک ڕادەست ناکەین
ژووری هەواڵ
ڕێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران بۆ دەرکردن یان ڕادەستکردنەوەی لایەنگرانی حزبه کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) جەخت دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک چەک رادەست ناکەن.
محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس"ـەوە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هاریکارییە ئەمنییە هاوبەشەکان و بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لایەنی عێراقی و ئیرانی ڕێککەوتوون لەسەر دەرکردنی ئەندامی ئەو گرووپە جوداخوازانە یان ڕادەستکردنیان بە تاران.
لە بەرامبەردا، خەلیل نادری، گوتەبێژی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، وەڵامی ئەم هەڕەشانەی دایەوە و ڕایگەیاند، لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا چەکەکانیان ڕادەست ناکەن.
نادری ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا هیچ داوایەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام ئەگەر فشارەکان بگەنە لوتکە، ئەوا ئامادەن هەرێمی کوردستان جێبهێڵن یان ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و دەستبەرداری خەبات نابن.
