
بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا دەستبەسەر سەروەت و سامانی ١٢ کەسایەتی سیاسی و دیار، کە پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشوو و ڕاوێژکارێکی پێشووی سەرۆک وەزیرانیان تێدایە، ئەوەش لەسەر بنەمای کەیسەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان کە مێژووەکەیان ٢٦ی ئابی ئەمساڵە، ڕێنمایی ئاراستەی سەرجەم بانکەکان، دامەزراوە داراییەکان، وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی خۆپارێزی (حجز احترازی) بۆ سەرجەم داراییەکانی ئەو کەسانە.
بڕیارەکە پاڵپشت بە نووسراوێکی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ کەرخ - دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ژمارە (٥٥٥) لە ڕێکەوتی ١٣ی تەممووزی ٢٠٢٦ دەرچووە.
نووسراوەکەی بانکی ناوەندی کە واژۆی خالید یاسین خضیر، بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت و وئام عەبدولعەزیز حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی لەسەرە، داوای لە بانکە ڕێپێدراوەکان کردووە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی ئەو کەسانە، هەروەها لە کاتی بوونی هەر جۆرە هەژمارێکی بانکی بە ناویانەوە، دەستبەجێ لایەنی داواکار ئاگادار بکرێتەوە.
لیستی ناوەکان ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
١. ئیبراهیم محەمەد عەباس فەرەج ئەلسومەیدەعی – ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکوەزیران.
٢. بەهائەدین نووری محەمەد حسێن ئەلنووری – پەرلەمانتار.
٣. زیاد تاریق عەبدوڵڵا ئەلجەنابی – پەرلەمانتار.
٤. عەبدولڕەحمان حەسەن خالید عەبدوڵڵا ئەلخالید – پەرلەمانتار.
٥. محەمەد فەرمان شاهیر سەلمان ئەلجبووری – پەرلەمانتار.
٦. هند محەمەد ساڵح حەسەن ئەلعەباسی – پەرلەمانتار.
٧. بوشرا ڕەجەب موسا سەحل ئەلقەیسی – پەرلەمانتار.
٨. مضر مەعەن ساڵح خەڵەف ئەلکەرەوی – پەرلەمانتار.
٩. موسەنا عەبدولسەمەد محەمەد حسێن ئەلسامەڕایی – پەرلەمانتار.
١٠. ئەشواق سالم حەسەن حسێن ئەلجبووری – پەرلەمانتار.
١١. عالیە نەسەیف جاسم عەزیز ئەلعوبەیدی – پەرلەمانتار.
١٢. محەمەد سەعدوون حاتەم ئەلسەیهوود – پەرلەمانتار.
