
چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختی لەسەر کردەوە کە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆکی حکومەت، سبەی سێشەممە، یان لە دوایین کاتدا ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت.
عامر فایز، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە "بەغداد ئەلیەوم"ی ڕاگەیاندووە، شاندێکی چوارچێوەکە بەرەو هەرێمی کوردستان دەچێت بۆ دیدار لەگەڵ سەرکردەی حزبە کوردییەکان، لە هەوڵێکدا بۆ دروستکردنی سازان لە نێوانیان سەبارەت بە پۆستەکانیان لە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا.
فایز وتیشی، هێزە کوردییەکان هاوبەشێکی سەرەکین لە پرۆسەی سیاسی و هەوڵ دەدەین بگەنە ڕێککەوتنێک بە ئامادەبوونی هاوبەشەکانیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی، جەختیشی کردەوە کە "چوارچێوەکە نایەوێت ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە بەردەوام بێت کە پەیوەستە بە چەقبەستوویی دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆمارەوە.
ئاماژەی بەوەشدا ، کە ئەگەر نەتوانرا لایەنە کوردییەکان قەناعەت پێ بکرێت بۆ ڕێککەوتن، ئەوا کار دەکرێت بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی بۆشایی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی سەرۆک کۆمار.
سەبارەت بە دۆسیەی سەرۆکایەتی حکومەت، فایز ڕەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەک لەناو چوارچێوەکە هەبێت بۆ گۆڕینی نوری مالیکی و ووتی، مەسەلەی تێپەڕاندنی مالیکی بووەتە ئاڵنگارییەکی نیشتمانی، بەتایبەت دوای ئەوەی کە بە دەستێوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری عێراق ناوی برد.
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، مالیکی پیاوی قۆناغەکەیە و دەبێت سەرکردایەتی ساڵانی داهاتوو بکات لە سەرۆکایەتی ئەم حکومەتە.