
ئەمڕۆ دووشەممە، چین وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پەکین ئارەزووی دەستبەسەرداگرتنی "گرینلاند دەکات.
چین داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە وڵاتانی دیکە وەک "بیانوویەک بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆی" بەکارنەهێنێت.
ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "جەمسەری باکوور ناوچەیەکە کە پەیوەندی بە بەرژەوەندییە گشتییەکانی تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە چالاکییەکانی چین لە جەمسەری باکوور بە ئامانجی پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوامە لە ناوچەکەدا. هەروەها داوای کرد ڕێز لە ماف و ئازادییەکانی هەموو وڵاتان بگیرێت بۆ ئەنجامدانی چالاکییە یاساییەکان لە جەمسەری باکووردا.
جێگای باسە دوێنێ ترەمپ جەختی لە سەر کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "بە شێوەیەک لە شێوەکان" گرینلاند دەخاتە سەر وڵاتەکەی و ووتی، "ئەگەر ئێمە کۆنترۆڵی نەکەین، ڕووسیا یان چین ئەو کارە دەکەن."
سەرۆکی ئەمریکا لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا ووتی، دەبێت گرینلاند ڕێککەوتنێک ئیمزا بکات، چونکە نایەوێت ڕووسیا یان چین کۆنترۆڵی بکەن." ناوبراو پێی وابوو کە "ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە بەشە ئاسانەکەیە، بەڵام ئێمە بە هەر شێوەیەک بێت گرینلاند بەدەستدەهێنین."