
ڕاپۆرت/ ڕێگای کوردستان
لە دوای ڕوداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە تایبەت دوای ئەوەی زیندانەکان کەوتنە دەستی گروپە چەکدارەکان و ژمارەیەک لە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش، لە زیندانەکان هەڵاتن یان دەربازکران، جموجۆڵی تیرۆرستانی داعش لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە پێی دەووترێت ناوچەی سوننە نشین و هاو سنور لەگەڵ سوریادا.
لەو کاتەوە تا ئێستا، سێ ڕووداوی ئەمنی ڕوویانداوە، کە بریتیە لە دەستگیرکردنی خۆکوژێک و خۆتەقاندنەوەی دوو خۆکوژی تر، کە هەڵگری پشتوێنی بۆمبڕێژکراوبوونە،لە پارێزگای ئەنبار خۆیان تەقاندووەتەوەو جارێکیتر ترس و دڵە ڕاوکێیان لای هاووڵاتیان درووستکردەووە.
شارەزایانی ئەمنی پێان وایە، ئەم جموجۆڵانەی داعش ، جێگای مەترسین بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی توندو تیژی و کردەوەی تیرۆرستی و تێکدانی دۆخی ئەمنی و نا سەقامگیری ووڵات .
هۆشداریش دەدەن، کە ئەگەر هێزە ئەمنیەکان لەناوخۆ پلانی تۆکمەیان نەبێت و هێزە سەربازیەکان سنورەکان تۆکمە نەکەن، دوور نیە لە داهاتوودا کردەوە تیرۆرستی و توندوتیژیەکان زیاتر بن.
هەرچەندە لە ئێستادا هێزە عێراقیەکان هێزێکی زۆریان لە سوپاو حەشدی شەعبی ، لەسەر سنوری سوریا کۆکردووەتەوە، بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی تیرۆرستانی هەڵاتووی نێو زیندانەکان لە سوریاوە بۆ ناو خاکی عێراق، بەڵام بەبۆچونی شارەزایانی ئەمنی، کردەوە تیرۆرستیەکانی ئەم چەند ڕۆژەی پارێزگای ئەنبار، دەرخەری ئەو ڕاستیەن، کە پلانی پاراستنی سنور سەرکەوتوو نەبووەو ئەگەر پێداچونەوە نەکرێت بەپلانەکاندا، عێراق جارێکیتر سەقامگیری ئەمنی لە دەست دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتایی.