
دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ و پاش ٣٠ مانگ لە ڕاگرتن، داتاکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ نیشانی دەدەن، کە لە ماوەی نێوان ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ تا ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ واتە لە ماوەی ٩٦ ڕۆژدا، هەرێمی کوردستان بڕی ١٩ ملیۆن و ٥٩٤ هەزار و ٨٧١ بەرمیل نەوتی ڕادەستی سۆمۆ کردووە، تێکڕای هەناردەی ڕۆژانە لەم ماوەیەدا نزیکەی ٢١٨ هەزار بەرمیل بووە.
بەپێی زانیاریەکان ئاستی بەرهەمهێنان لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ زیادی کردووە و هەناردەی ڕۆژانە گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥٩ هەزار بەرمیل، جگە لەو ٥٠ هەزار بەرمیلەی بۆ پێداویستی ناوخۆ تەرخان دەکرێت.
کۆی گشتی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی ئەم بڕە نەوتە دەستکەوتووە و چووەتە خەزێنەی دەوڵەتی عێراق، بڕی ١ ملیار و ٢١٥ ملیۆن دۆلار بووە.
تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لەو سێ مانگەدا بە نزیکەی ٦٢ دۆلار ئەژمار کراوە، ئەمەش بەپێی نرخی بازاڕەکانی جیهان.