ئەگەرچی نوری مالیکی ئێستا کاندیدی فەڕمی چوارچێوەی هەماهەنگیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەڵام پێشبینی ناکرێت مالیکی هەروا بەئاسانی و بێ کێشەو گرفت ئەو پۆستە بەدەستبهێنێتەوە.

دوو هۆکار هەیە بۆ ئەوەی مالیکی بە ئاسانی پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە

یەکەم: مالیکی یەکێکە لەو کەسانەی کە موقتەدا سەدر پێی قبوڵ نییەو لە داهاتووشدا کاردانەوەی دەردەکەوێت

دووەم: مالیکی لای ئەمریکیەکان بەکەسە هەرە نزیکەکان لە ئێران هەژمار دەکرێت و ئەمڕۆش بە ئاشکرا هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ووتی، ئەو میلیشیایانەی لە ئێران نزیکن هیچ شوێنێکیان نییه لە حکومەتی داهاتووی عێراق.

موقتەدا سەدر پێیوایە مالیکی هەموو دەرفەتەکانی خۆی وەرگرتووە (٢٠٠٦-٢٠١٤) و لەو ماوەیەدا گەندەڵی گەیشتووەتە لووتکە و یەک لەسەر سێی خاکی عێراق (موسڵ و دەوروبەری) کەوتە دەست داعش. بۆیە سەدر ڕێگە نادات کەسێک کە پێشتر تاقیکراوەتەوە و شکستی هێناوە، بگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەڵات.

دوژمنایەتی نێوان سەدرو مالیکی تەنها سیاسی نییە، بەڵکو خوێنیشی تێکەوتووە. لە ساڵی ٢٠٠٨دا نوری مالیکی ئۆپەراسیۆنی "تەوژمی سوارچاکان" (صولة الفرسان)ی دژی سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر لە بەسرە ئەنجامدا، کە بووە هۆی کوژران و دەستگیرکردنی سەدان لایەنگری سەدر. ئەم برینە تا ئێستاش لای سەدرییەکان ساڕێژ نەبووە.

هەردوولا سەدرو مالیکی کێبڕکێ دەکەن لەسەر ئەوەی کێ "کەسی یەکەم"ی شیعەیە لە عێراقدا. سەدر دەیەوێت بڕیاری سیاسی شیعە لە ژێر دەستی خۆیدا بێت و چوارچێوەی هەماهەنگی (کە مالیکی یەکێکە لە جەمسەرە سەرەکییەکانی) پەراوێز بخات.

موقتەدا سەدر کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە پەرلەمان کشایەوە، ئێستا بە هێزێکی زیاترەوە گەڕاوەتەوە بۆ ناو کایەی سیاسی، هەر هەوڵێک بۆ دانانەوەی مالیکی وەک سەرۆک وەزیران، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی سەدر لایەنگرانی بڕێژێنێتە سەر شەقامەکان و جارێکی تر "ناوچەی سەوز" پەک بخات.

موقتەدا سەدر ڕەنگە لەگەڵ کەسانی تری ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" ڕێکبکەوێت (وەک هادی عامری یان کەسانی تەکنۆکرات)، بەڵام قبوڵکردنی نوری مالیکی وەک هێڵی سوور دەبینێت. بۆ سەدر، گەڕانەوەی مالیکی واتە شکستی پڕۆژە سیاسییەکەی خۆی، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لێ دەکات.

جگە لە کۆسپەکەی موقتەدا، ئەمڕۆ جۆشوا هاریسدا هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیوزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند،  ئەو میلیشیا تیرۆرستانەی نزیکن لە ئێران ، لە هیچ شوێنێکی  حکومەتی داهاتووی عێراق نییە، هەرچەند بەرپرسە ئەمریکیەکە ناوی هیچ گروپێکی نەهێنا، بەڵام مالیکی یەکێکە لەو کەسانەی نزیکترین دۆستی ئێرانەو خاوەنی میلیشیای چەکدارە.

کورد و سوننەش ئەزمونی تاڵیان لەگەڵ مالیکی هەیە، بۆیە نایانەوێت ئەزموونی ساڵانی ٢٠١٠-٢٠١٤ دووبارە ببێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا