
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕایگەیاندراوێکدا هێرش و پەلامارەکانی گروپە چەکدارەکانی دیمەشق بۆ سەر ناوچەکانیان ئاشکرا دەکات.
له ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە فراوانکردنی گرژییە سەربازییەکانیان لە ڕێگەی تۆپبارانی هەڕەمەکی بۆ سەر ناوچە ئاوەدانەکانی شاری دێر حافر، ئەمەش وەک هەوڵێکی نوێ بۆ فشارخستنە سەر هاووڵاتیان و ناچارکردنیان بە کۆچی زۆرەملێ لە ناوچەکانیان.
ئاماژەی پێکردووە، لە ماوەی کاتژمێرەکانی ڕابردوودا، شارەکە بە زیاتر لە ٢٠ گوللە تۆپ پێکراوە، جگە لە ئامانجگرتنی ناوچەکە بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو (خۆکوژ)، ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی و سەلمێنەری ئەوەیە کە بە ئەنقەست گەڕەکە نیشتەجێبووەکان دەکرێنە ئامانج.
جەختی لەسەر دەکاتەوە ،هێزەکانیان لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی مەیدانی دەکەن و بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و گرتنەبەری هەموو ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی شارەکە و دانیشتووانەکەی.