
ژووری هەواڵ
بەپێی ووتەی وەزارەتی نەوت، عێراق لەم مانگەدا نزیکەی ٥۰ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووەو هەوڵ دەدات ئەم ڕێژەیە بەرزبکاتەوە.
شارەزایانی ئابووری و نەوت، جەختی لەسەر دەکەنەوە، ئەگەر بە تێکڕا نرخی ٨٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک هەژماربکرێت، کۆی گشتی داهاتی فرۆشراوی نەوت دەگاتە ٤ ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، کە بە بەهای فەرمی دینار دەکاتە زیاتر لە ٥ تریلیۆن و ٦١٠ ملیار دیناری عێراقی.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پارەیە وەک قازانجی پوختە ناهێڵرێتەوە، چونکە تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە عێراق بۆ هەر بەرمیلێک لە نێوان ٨ بۆ ١٠ دۆلار دەخەمڵێنرێت. بە لێدەرکردنی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ خەرجییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و کرێی گواستنەوە، قازانجی سافی مانگانەی وەزارەتی نەوت نزیکەی ٣ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت.
ئەم داهاتە پوختەیە، کە دەکاتە نزیکەی ٤ تریلیۆن و ٩٥٠ ملیار دینار، پاڵپشتییەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی مووچە و جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بودجەی گشتی. سەرەڕای ناجێگیرییەکانی بازاڕی وزە لە جیهاندا، ئەم ئامارانە نیشانی دەدەن کە عێراق هێشتا بەتەواوی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە.
