
پرد و فڕۆکەخانە و تاوەری کارەبا کراونەتە ئامانج
هاتووچۆ لە نێوان چەند شارێکدا پەکخراوە
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە بەهۆی هێرشە نوێیەکانی ئەمریکاوە، دەنگی تەقینەوە لە چەند شارێکی ئێران بیستراوە.
ئاژانسی (مێهر) ڕایگەیاند،10 تەقینەوەی نوێ لە دوورگەی قەشم لە باشووری ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاوە ڕوویانداوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی (تەسنیمی) ئێرانی بڵاویکردەوە کە ئەمریکا تاوەرێکی پەیوەندیی وکارەبای لە گردێک لە شاری بەندەر عەباسی باشووری ئێران کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی بچڕانی کارەبا لەو ناوچەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەیەکی بەندەر عەباس، برینداربوونی 7 کەسی لێکەوتووەتەوە.
لە پێشهاتێکی دیکەدا، (تەسنیم)ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا فڕۆکەخانەی شاری ئێرانشار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانیان بۆردومان کردووە و ئاماژەی بە بیستنی دەنگی 3 تەقینەوەی بەهێز لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کردووە.
هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە هێرشەکانی ئەمریکا، پردی پەیوەندی نێوان بەندەر عەباس و شیرازیان پێکاوە و ئاماژەی بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر شاری بەندەر خەمیر و ناوچەی کەهورستان لە پارێزگای هورمزگان کرد، کە تێیدا پردی نێوان بەندەر عەباس و شیراز لە باشووری ئێران کراوەتە ئامانج.
تەلەفزیۆنی ئێرانیش ڕایگەیاند کە 6 تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە شاری حەمیدییە لە پارێزگای خوزستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە ڕوویانداوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هاتووچۆ لەسەر ڕێگای بەندەر عەباس-کەهورستان-لار داخراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمریکا پردی ڕووباری شووری لە پارێزگای هورمزگان کردە ئامانج.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، موشەکێکی ئەمریکی فڕۆکەخانەی ئێرانشاری لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان پێکاوە.
