
حەشدی شەعبی بەفەرمی رایگەیاند لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ئەوان بەشداری شەڕ ناكەن و بەڵام لێكەوتەی خراپی بۆ تەواوی ناوچەكە دەبێت.
فەرماندەکەی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ، حەشدی شەعبی بەشداری ناکات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان "لەپاڵ خاوەن ماف دەوەستن" و ئەمریکای بە لایەنی دەستدرێژیکار بۆ سەر ئێران وەسف کرد.
هۆشداری دا کە رووخانی رژێمی ئێران دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک کە هیچ وڵاتێک نامێنێت بەرەوڕووی پلانەکانی ئیسرائیل ببێتەوە.
ئەو فەرماندەیە هۆشداری توندی دا لەوەی هەر شەڕێک لە ناوچەکەدا رووبدات، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی "دۆخێکی کارەساتبار"، بەتایبەتی لە دوو ڕووەوە، ناسەقامگیری و پەرەسەندنی توندوتیژی. شڵەژانی بازاڕ و کاریگەری لەسەر داهات و بژێوی.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بەردەوامن، رۆژی هەینی رابردوو شاندی ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووشدا گەڕێکی نوێی دانوستانەکان دەستپێبکەنەوە بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان.