
رێگای كوردستان
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە سنووری ئاوەکانی دەریای عومان، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بارهەڵگر بە ناوی (ولا نوا - Vela Nova) کە هەڵگری ئاڵای پەنەما بووە و ئاراستەکەی بەرەو بەندەرەکانی ئێران بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکە دوای ئەوە هاتووە کە دەستەی بەڕێوەبەریی کەشتییەکە وەڵامی هۆشدارییە یەک لەدوای یەکەکانی هێزەکانی ئەمریکایان نەداوەتەوە. لە ئەنجامدا، هێلیکۆپتەرێکی جۆری (MH-60)ی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا بە دوو مووشەکی (هێڵفایەر) بزوێنەری کەشتییەکەی پێکا و سیستمەکەی بەتەواوی لەکار خست.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، سێنتکۆم ئاماری چالاکییەکانی هێزەکانی خستووەتە ڕوو و دەڵێت: تاوەکو ١٠ی ئاب، ڕێڕەوی ٥٥ کەشتییان گۆڕیوە کە هەوڵیان داوە سزا و گەمارۆکانی سەر ئێران پێشێل بکەن. هاوکات لەو ماوەیەدا سێ کەشتییان لەکار خستووە و پشکنینی وردیشیان بۆ دوو کەشتیی دیکە ئەنجام داوە.
