
ژووری هەواڵ
بەپێی بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نرخی فەرمیی ۱۰۰ دۆلاری ئەمریکی بە ۱۵۲ هەزار دیناری عێراقی دیاریکرا.
دوابەدوای ئەم بڕیارە، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕدا دروستبوو، بەجۆرێک نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەچاوی بەخۆوەی بینی و نرخی ۱۰۰ دۆلار نزیک دەبێتەوە لە ۱۷۰ هەزار دینار.
شارەزایانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە بەهای دینار لاوازتر دەکات و دەبێتە هۆی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا. ئەم دۆخەش شەپۆلێکی نوێی گرانی لێدەکەوێتەوە و گوشارێکی دارایی توند دەخاتە سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، بەتایبەت توێژە کەمدرامەتەکان.
هاوکات، چاودێران هۆشداری دەدەن لەوەی کە پێشبینی ناکرێت هاووڵاتییان بەرگەی ئەم گرانییە بەردەوامەی بازاڕ بگرن. ئاماژە بەوەش دەکەن کە بەردەوامیی ئەم هەڵكشانەی نرخی دراو دەشێت لێکەوتەی خراپ و نەخوازراوی ئابووری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەدوای خۆیدا بهێنێت، ئەگەر پێداچوونەوەی پێ نەکرێت.
