
هیلاری كلنتن داوا لە ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دەكات پەڕاوە ئابڕوبەرەكانی ئیپستن ئاشكرا بكات تا هاوڵاتیان راستیەكانیان بۆ ئاشكرا ببێت ە ئەو سەرۆكانەی تێوەگلاون لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێ.
هیلاری کلینتن، لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، جارێكی دیكە داواکارییەکانی بۆ شەفافیەت نوێکردەوە، کە تێیدا ناوەڕۆکی پەڕاوەکانی ئپستینی بە "ترسناک" وەسفکرد و داوای بڵاوکردنەوەی تەواویانی کرد و ڕایگەیاند، "پەڕاوەکان بهێننە دەرەوە. ئەوان لەو كارەدا کات دەکوژن".
لە کاتی دانیشتنێکدا وتی، "ئەمە کارێکە دەبێت بە تەواوی شەفاف بێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ چەندین ساڵی درێژ داوای بڵاوکردنەوەی هەمو شتێکمکردوە تا خەڵک بتوانن ئاگاداری ناوەڕۆکی پەڕاوەکان بن و لە کاتی پێویستدا بەرپرسەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. دەبینین چی ڕودەدات".
لێدوانەکانی کلینتن توڕەیی ترەمپی لێکەوتەوە و جەختی لەوەکردەوە کە پەراوەكان "بێتاوانی" ئەویان بە سەلماندوە و بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "هیچ شتێکم نییە بیشارمەوە. بێتاوانیم سەلمێنراوە. پەیوەندیم بە جێفری ئپستینەوە نییە. ئەوان بەو هیوایە چونە ژورەوە کە شتێک بدۆزنەوە، بەڵام ڕێک پێچەوانەکەیان دۆزییەوە. بێتاوانیم بە تەواوی سەلمێنراوە".
سەبارەت بە خێزانی کلینتن، ترەمپ ڕونیکردەوە کە پەڕاوەکان "ئەوانی خستە ناو کێشەوە". لێدوانەکانی کلینتۆنی لە ئەڵمانیا بە ڕەنگدانەوەی ئەوە دانا کە بە "نیشانەکانی ڕق لێبونەوە لە ترەمپ" ناوی برد.
بڕیارە کلینتنەكان لە کۆتایی ئەم مانگەدا لەبەردەم کۆنگرێس شایەتی بدەن، دوای ئەوەی لە سەرەتادا ئاماژەیان بەوەکردبو کە ئەو فەرمانی بانگهێشتکردنانە ڕەتدەکەنەوە کە بە "نایاسایی و جێبەجێنەکراو" وەسفیانکردبو، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە کۆمارییەکان سەرکردایەتی دەکەن سەبارەت بە کەیسی ئپستین.
کلینتن لەم بارەیەوە بە بی بی سی وت، "ئامادە دەبین، بەڵام پێمان وایە باشترە ئەوە بە ئاشکرا بێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو و هاوسەرەکەی وەک "قوربانی" بەکاردەهێنرێن بۆ دورخستنەوەی سەرنجەکان لەسەر ئیدارەی ترەمپ.
ئەوە لەكاتێكدایە وەزارەتی داد لە نامەیەکدا کە لە کۆتایی هەفتەدا ئاراستەی یاسادانەرانی کرد، ڕایگەیاند کە هەمو ئەو تۆمارە پەیوەندیدارانەی بڵاوکردوەتەوە کە توانای بڵاوکردنەوەیان هەبوە بەپێی یاسای شەفافیەتی پەڕاوەکانی ئپستین، کە ساڵی ڕابردو بە ڕەزامەندی هەردو حزب دەرچو و لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە واژۆکرا دوای چەند مانگێک لە ناکۆکی لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەیدا کە پشتیوانی یاساکەیان کردبو.