
هانۆیی – ئاژانسەکان
دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی کۆنگرەی چواردەیەمین، حزبی شیوعی ڤێتنام هەڵبژاردنەوەی هاوڕێ (توو لام)ی وەک سکرتێری گشتی حزب و سەرۆک کۆماری ڤێتنام بۆ خولێکی نوێ ڕاگەیاند.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ڤێتنام وەک یەکێک لە وڵاتە گرنگەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەوڵی چەسپاندنی پێگەی سیاسی و ئابووری خۆی دەدات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بەم بۆنەیەوە، چەندین سەرکردەی جیهان و ڕێکخراوە هەرێمییەکان نامەی پیرۆزباییان ئاڕاستەی (توو لام) کردووە و جەخت لە گرنگیی ڕۆڵی سەرکردایەتی نوێی ڤێتنام کردووە لە پاراستنی ئاشتی، ئاسایش و پەرەپێدانی هەماهەنگییە هەرێمایەتیەکان.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆژنامەی (براڤدا)ی حزبی شیوعی ڕووسی تیشکی خستووەتە سەر ئەنجامەکانی کۆنگرەی چواردەیەمینی حزبی فەرمانڕەوای ڤێتنام. ڕۆژنامەکە نووسیویەتی کە هەڵبژاردنەوەی (توو لام) دەبێتە هۆی بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ڕووسیا و ڤێتنام، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری و ستراتیژیدا کە سوود بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات دەگەیەنێت.
جێی ئاماژەیە کە ڤێتنام لە ژێر سەرکردایەتی (توو لام)دا، لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ جێبەجێکردنی پلانە سۆسیالیستییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ جیهان، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە نێودەوڵەتییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.