
ئەمینداری گشتیی حزبی شیوعیی فەڕەنسا، فابیان ڕوسێل، داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات بۆ ڕاگرتنی ڕەوشە ئاڵۆزەکە و ڕاگەیاند، بەهۆی ئاڵۆزی و توندوتیژییەکانی ڕۆژانی دواییەوە، فەڕەنسا کەوتووەتە لێواری مەترسی و نوقمی ترس و شۆک بووە.
روسێل ئاماژەی بەوە دا، کە جگه لە توندوتیژییەکان، وڵات رووبەڕووی شەپۆلێکی تووڕەیی جەماوەری بووەتەوە کە بەهۆی گرانبوونی بژێوی ژیان و بێدەنگیی حکومەتەوە لە هەفتەکانی ڕابردوودا بەردەوام لە هەڵکشاندا بووە.
هاوکات داوا لە ئەندامان و لایەنگران و کادیرانی حزبەکەی دەکات، بەشداری بکەن لە هەڵمەتی هاوکاری بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان و چاککردنەوەی ئەو زیانانەی بەهۆی ڕووداوەکانەوە لەلایەن تێکدەرانەوە بە کەرتە گشتی و تایبەتەکان گەیشتوون.
جەختیشی کردەوە کە کردەوە تێکدەرانەکان زیانیان بە هیوای ٨٠٠ هەزار خۆپیشاندەر گەیاندووە کە بە شێوازێکی ئاشتییانە ڕژابوونە شەقامەکان، کەچی لە هەندێک شوێن کەوتنە بەر توندوتیژی و هێرشی هێزەکانی پۆلیس.
فابیان ڕوسێل داوا لە حکومەت دەکات بەپەلە کۆنفرانسێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ سەندیکا کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی خاوەنکاران و ڕێکخراوەکانی گەنجان ببەستێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ داواکارییەکانی خوێندکاران، جووتیاران، ماسیگران، ئاگرکوژێنەوان، شۆفێران، کارمەندانی کەرتی گشتی و تایبەت و خانەنشینان.
ووتیشی، پێویستە پەرلەمان بەشدار بێت لەم کۆنفرانسەداو بتوانێت داهات و خەرجییە پێویستەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا جێگیر بکات.
پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە: داوا دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە پەرلەمان پێکبهێندرێت بۆ زانینی هۆکارەکانی توندوتیژییەکە و هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری هێزەکانی ئاسایش بەرامبەر خۆپیشاندەران.
