
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی ڕای گشتی کردووە، مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی عێراق نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕیوەو و هۆشداری داوە لە قووڵبوونی لێکەوتەکانی و پارچەبوونی سیاسی لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا.
حزبی شیوعی جەختی کردوەتەوە کە دەستکەوتە نەتەوەیی و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بەرهەمی قوربانیدان و خەباتی بەردەوامی دەیان ساڵەی گەلی کوردستان و سەرجەم هێزە نیشتمانی و دیموکراتەکانی عێراقن و پاراستن و پێشخستنی ئەم دەستکەوتانە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی هاوبەشی سەر شانی سەرجەم لایەنەکانە.
ڕاگەیەندراوەکەیدا، حزبی شیوعیی عێراق، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوامبوون و قووڵبوونی قەیرانەکان دەرفەت بۆ ئەو لایەنانە دەڕەخسێنێت کە چاویان بە ئەزموونی دیموکراتی و فیدراڵی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت تا زیان بە دەستکەوتە مێژووییەکان بگەیەنن.
هەروەها داوا لە پارتی و یەکێتی کردووە، دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی ئاشتییانە بکەنە پێوەر و دووربکەونەوە لە هەنگاوی تاکلایەنە تاوەکو دامەزراوە دەستوورییەکان بە یەکگرتوویی و بەپێی یاسا دەست بە کارەکانیان بکەنەوە.
لە کۆتاییدا جەختی لەسەر کردوەتەوە کە پاراستنی سەقامگیریی هەرێم بەرژەوەندییەکی گشتیی عێراقە و پێویستە ماف و بژێوی و گوزەرانی هاووڵاتییان بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە
