سەرووتارى رێگای كوردستان

ئەمساڵ (٢٠٢٦)، سەد ساڵ بەسەر لەدایكبوونی شەهید جەمال حەیدەریدا تێدەپەڕێت و لە ڕێكەوتی ۲۰/ ٧ / ٢٠٢٦، (٦٣) ساڵ بەسەر شەهیدبوونی تێپەڕی. شەهید «جەمال كوڕی حەیدەر كوڕی عاسم كوڕی سەبغەوڵڵای حەیدەری»یە. بنەماڵەی حەیدەری لە ماوەی سەدەكانی ڕابردوودا گەلێك زانای ناوداریان لێ هەڵكەوتووە؛ لە سەدەی بیستەمیشدا و تاوەكو ئێستا، چەندین كەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیر لەم بنەماڵە بەڕێز و تێكۆشەرە خزمەتیان كردووە و ڕۆڵی مێژوویی خۆیان بینیوە، كە یەكێكیان شەهید جەمال حەیدەرییە. 

جەمال حەیدەری (١٩٢٦ – ١٩٦٣)، هەر لە سەرەتاكانی ژیانی مێرمنداڵیدا لە بۆتەی بارودۆخە نالەبار و هەستیارەكەی ئەو كاتەدا تواوەتەوە. ئەزموونەكان هەروا بە فیڕۆ نەڕۆیشتوون و كاریگەرییان لەسەر كەسایەتییەكەی جێهێشتووە. بەرەبەرە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنیدا، نیازپاكی، خزمەتگوزاری و گیانی مرۆڤدۆستی لە دڵ و دەروون و هزری ئەودا
چەكەرەیان كردووە. هەر بۆیە ئەم مرۆڤە لە تەمەنی لاویدا وەكو سەركردەیەكی شیوعی دەركەوتووە و توانیویەتی لە ناو كۆڕی خەباتی چینایەتی و نیشتمانیدا لە ڕیزەكانی حیزبی شیوعیی عێراقدا ڕۆڵی بەرپرسیارێتی و سەركردایەتی ببینێت. ئەو یەكێك بوو لە سەركردە كاریزماكانی ناو بزووتنەوەی ماركسیزم و شیوعیەت لە عێراق و باشووری كوردستاندا.

سەرەتاكانی كاری سیاسیی جەمال حەیدەری لە ساڵی ١٩٤٢ دەست پێ دەكات، واتا لە ماوەی ساڵانی خوێندنیدا؛ ئەوەش بە هۆی پاشخانی ڕۆشنبیری، هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی ماركسییەت لە شاری هەولێر لە ساڵانی دووەمین جەنگی جیهانیدا. جەمال حەیدەری لە ساڵی ١٩٤٥دا لەگەڵ دامەزراندنی «حیزبی شیوعی لە
كوردستانی عێراق» كە بە حیزبی «شۆڕش» ناسرابوو (كە كەسایەتیی سیاسیی نەمر ساڵح حەیدەریی برای گەورەی دامەزرێنەری بوو)، ئەندامێكی چالاك بوو. لە دوای كۆتاییهێنان بە «حیزبی شۆڕش و حیزبی رزگاری كورد» جەمال حەیدەری چووەتە ناو حیزبی شیوعیی عێراق. بەهۆی هۆشیاریی سیاسی و شارەزایی لە بیروباوەڕی ماركسی، لە ساڵی ١٩٤٨دا ڕۆڵی سەركردایەتی وەردەگرێت و دەبێتە لێپرسراوی یەكەمی لیژنەی مەحەلیی حیزبی شیوعیی عێراق لە لیوای هەولێر.

لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەكەی كانوونی دووەمی ١٩٤٨دا ڕۆڵی كاریگەری بینیوە، بەڵام لە دوای دامركاندنەوەی ئەم هەڵچوونە جەماوەرییە لە كۆتایی مایسی ١٩٤٨دا، لەگەڵ دەستەیەك لە شیوعییە تێكۆشەرەكان دەستگیر كراوە. لە حوزەیرانی هەمان ساڵدا دەبرێتە دادگای عورفیی سەربازی لە كەركوك، جەمال حەیدەری هیچ تاوانێكی لەسەر ئیسپات نابێت و ئازاد دەكرێت. دەگەڕێتەوە شاری هەولێر و دەبێتەوە لێپرسراوی یەكەم لە لیژنەی مەحەلیی حیزب. بۆ پایزی هەمان ساڵ دەگوازرێتەوە بۆ كەركوك و لەگەڵ تێكۆشەران «نافع یونس» و «ئەحمەد غەفور»دا كاروباری لقی كوردیی حیزبی شیوعیی عێراق بەڕێوە دەبەن.
بەڵام كاتێك «مالیك سەیف» دەگیرێت و نهێنییەكانی حیزب دەدركێنێت و ناوی ئەو سێ تێكۆشەرەش دەدات، لە مانگی كانوونی یەكەمی ١٩٤٨دا هەرسێكیان دەستگیر دەكرێن و دەدرێنە دادگای عورفیی عەسكەری؛ بە حەوت ساڵ بەندكردن و سێ ساڵیش خستنە ژێر چاودێریی پۆلیس حوكم دەدرێن.

شەهید جەمال حەیدەری لە بەندیخانەش چالاك بووە و وەك سەركردە دەركەوتووە. جەمال حەیدەری و چەند هاوڕێیەكی لەژێر ناوی حیزبی شیوعیی عێراق ڕۆژنامەیەكیان بە ناوی «ئاڵای كارگەران» دەركرد و جەمال حەیدەری بەرپرسی یەكەمیان بوو. دواتر توانی لە بەندیخانە ڕابكات و بگەڕێتەوە لای هاوڕێیانی لە دەرەوەی زیندان، لەگەڵ هەریەك لە حەمزە سەلمان و عەبدولڕەزاق سافی، بەردەوامییان بە «رایە الشغیلە» دا.

لە ساڵی ١٩٥٦ هاوڕێیانی «رایە الشغیلە» تێكەڵ بە باڵی سەرەكیی حیزب بوونەوە؛ هاوڕێ جەمال حەیدەری وەكو كەسی یەكەمی «رایە الشغیلە» ڕۆڵێكی گرنگی لە یەكگرتنەوەكەدا بینی و لە كۆنفرانسی حیزبدا لە ١٩٥٦ بە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزب هەڵبژێردرا.
شەهید جەمال حەیدەری لە تەك هاوڕێیانی سەركردایەتی، ڕۆڵێكی كاریگەری لە «بەرەی یەكێتیی نیشتمانیی عێراق» لە ساڵی ١٩٥٧ و هەروەها لە ئامادەباشیی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بینیوە.

لە دوای شۆڕشیش وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی عێراق لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی سیاسی و جەماوەریی حیزب بەردەوام بووە و یەكێك بوو لە ڕابەرانی خۆپیشاندانە ملیۆنییەكەی جەماوەری حیزب لە بەغدا لە (١ی ئایاری ١٩٥٩)دا، كە تیایدا دروشمی «بەشداریكردنی حیزبی شیوعی لە حوكم» بەرز كرایەوە. شەهید جەمال حەیدەری بە فەرمانی حیزب لە (۱ / ٩ / ١٩٥٩) چووەتە مۆسكۆ بۆ خوێندن لە پەیمانگای «لینینی جیهانی» - بەشی فەلسەفە. تا مانگی كانوونی یەكەمی ١٩٦١ لەوێ ماوەتەوە و بە پلەی «زۆر باش» دەرچووە، ئینجا گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و وەك سەركردەیەكی كارای حیزب ڕۆڵی شۆڕشگێڕانەی خۆی بینیوە.

هاوڕێ جەمال حەیدەری، هەر لە سەرەتای خەباتی سیاسی لە چلەكانەوە تاوەكو دەستگیركردنی لە (١٩/ ٧ / ١٩٦٣) دوای كودەتای بەعسییە فاشیستەكان، هەڵوێستێكی جوامێرانە، كوردپەروەرانە و شیوعییانەی دەربارەی مەسەلەی كورد هەبووە. لە هەموو وەرچەرخانە سیاسییەكاندا جەمال حەیدەری داكۆكیكارێكی سەرسەخت بوو لە مافە ڕەواكانی
گەلی كورد. باشترین گەواهیدەری ئەم هەڵوێستەی ئەو لێكۆڵینەوە پر بایەخەبوو كە لە كۆتایی ساڵی ١٩٦١دا نووسیویەتی بە ناونیشانی «شیوعییەكان پێشەنگی خەباتن بۆ چارەسەركردنی پرسی كوردستان و گەیشتنی گەلی كورد بە مافی خۆی لە خۆبڕیاردانی
چارەنووس وسەربەستی و یەكێتیی نەتەوەیی». ئەم پڕۆژەیە لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە ئاداری ١٩٦٢ پەسند كرا و بووە پڕۆژەی حیزبی شیوعیی عێراق بۆ چارەسەركردنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد.

زۆر بەداخەوە، لە دوای دەستگیركردنی جەمال حەیدەری لە (١٩ / ٧ / ١٩٦٣) لەلایەن كودەتاچییە فاشیستەكانی بەعس و حەرەس قەومی، دوای ئازاردان و ئەشكەنجەدانێكی زۆر، ڕۆژی (٢٠ / ٧ / ١٩٦٣) گیان لەدەست دەدات و شەهید دەكرێت و هەرچەندە بە پێی بەیاننامەی حاكمی سەربازی زعیم رشید موسلیح حوكمی لە سێدارەدانی لە (٢١ / ٧ / ١٩٦٣) جێبەجیكراوە و  دەچێتە ڕیزی كاروانی شەهیدانی حیزب و گەل. ناوی مێژوویی خەباتی شەهید جەمال حەیدەری وەك سەركردەیەكی شیوعیی شۆڕشگێڕ و دڵسۆز، كەوتە ناو لاپەڕە پڕشنگدارەكانی مێژووی حیزبی شیوعی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی سەدەی بیستەم لە عێراق و كوردستاندا. ناوی بەعس و حەرەس قەومییە فاشیستەكانیش، بكۆژەكانی جەمال حەیدەری و هاوڕێكانی، كەوتنە ناو زبڵدانی مێژوو. 

یادی ئەم سەركردە مەزنە هەر بمێنێت و ڕێگا و ڕێبازی پڕ ڕێبووار بیت و هەزاران دروود بۆ گیانی پاكی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا