
ڕێگای کوردستان
بڵاوبونەوەی هەواڵ و دەنگۆی کۆبۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریاو ڕەغد کچی سەدام حسێن،کە لایەنە شیعەکانیش پشت ڕاستی دەکەنەوە، کاردانەوەی خێرای لە ناوەندە سیاسییەکانی ناوچەکە لێکەوتەوە،
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ، ئەگەر ئەم دیدارو کۆبونەوەیە سەلمێندراوبێت ، ئەوا تەنها کۆبونەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەک نەخشەسازییەکی نوێ بۆ هیلالی سوننی لێکدەدرێتەوە.
پێشیان وایە، ئامانجی سەرەکی دیدارەکە دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی دەبێت لەنێوان دەسەڵاتی نوێی سوریا و هێزە سوننییە ناڕازییەکانی عێراق.
ئەحمەد شەرع کە پاشخانێکی ئیسلامی توندڕەو و نەتەوەیی هەیە، دەیەوێت سود لە پێگەی ڕەغد وەربگرێت بۆ ڕاکێشانی سۆزی عەشایەرە عەرەبە سوننەکانی نێوان عێراق و سوریا بە تایبەت لە( ئەنبار و موسڵ)، بەمەش دیمەشق دەبێتە مەرجەعێکی نوێ بۆ سوننەکانی ناوچەکە.
بەمجۆرە مەترسییەکی جددیی بۆ سەر حکومەتی ئێستای بەغدا کە زۆرینەی شیعە پێکی دەهێنن درووست دەبێت.
چاودێران جەختی لەسەر دەکەنەوە، دەنگۆی کۆبونەوەکە وەک بەشێک لە شیعەکانی عێراق پشتڕاستی دەکەنەوە، وەک پەیامێکی مەعنەوی وایە بۆ لایەنگرانی حیزبی بەعس و نەیارانی پرۆسەی سیاسیی عێراق، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە پارێزگا ڕۆژئاواییەکان.
چاودێران دەڵێن ، عێراق ترسی هەیە سوریا ببێتە پەناگەیەک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی چەکدار یان سیاسیی عێراقی، هاوشێوەی سەردەمی پێش ٢٠٠٣ بەڵام بە پێچەوانەوە.
پێشیان وایە ئەم جوڵانە بەبێ ئاگاداریی ئەمریکا و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناکرێت، واشنتۆن دەیەوێت لە ڕێگەی بەهێزکردنەوەی بەرەی سوننە لە سوریا و عێراق، هاوسەنگییەک دژی هەژموونی ئێران دروست بکات.
بەشداریپێکردنی ڕەغد یان هێزە نزیکەکان لێی، بەشێکە لە پرۆژەی ئاشتەوایی زۆرەملێ یان گۆڕینی نەخشەی سیاسی کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە تاکڕەویی هێزە شیعەکان لە بەغدا و دروستکردنی هەرێمێکی سوننی بەهێز کە لە ڕووی ئەمنییەوە پەیوەست بێت بە سوریای نوێوە.
بە بۆچونی چاودێران، کۆبونەوەکە پەیامێکی ڕوونە بۆ بەغدا، کە سەردەمی پەراوێزخستنی سوننە کۆتایی هاتووە و دیمەشق بووەتە یاریکەرێکی سەرەکی لە گۆڕەپانی ناوخۆی عێراقدا.