چوار پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) لە چوار پارتی جیاوازەوە، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە حکوومەتی سووریا کرد توندوتیژیی سیستماتیک دژی کەمینەکان ڕابگرێت، ئەمەش پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییەی حەلەب.

لە بەیاننامەکەدا کە لەلایەن پەرلەمانتاران ماکس لوکس (پارتی سەوز)، کانسو ئۆزدەمیر (پارتی چەپ)، یوهانس فۆڵکمان (یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی) و سەردار یوکسەل (پارتی سۆسیال دیموکرات) واژۆ کراوەو تێیدا هاتووە، "ئێمە بە قووڵی نیگەرانین لە پەرەسەندنی دووبارەی گرژییەکان لە سووریا." 

ماڵپەڕی "دێر شپیگل" بەیاننامەکەی بڵاو کردووەتەوەو تێیدا هاتووە، سوپای سووریا گەڕەکە کوردییەکان وەک ناوچەی قەدەغەکراو ڕادەگەیەنێت و هێرشی سەربازی بە بۆردومانی چڕ و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئەنجام دەدات." هەروەها ئاماژەی پێکردووە"ئەم توندوتیژییە سیستماتیکە، کە پێشتر لە کۆمەڵکوژییەکانی دژی پێکهاتەی درووز لە سوەیدا و دژی مەدەنییە عەلەوییەکان لە کەناراوەکانی سووریا دەرکەوتووە، هەڕەشەی دروستبوونی کارەساتێکی تری مرۆیی دەکات."

لوکس، ئۆزدەمیر، فۆڵکمان و یوکسەل داوایان لە هاوکارەکانیان لە بوندستاگ کردووە پەیوەندی بەم بەیاننامەیەوە بکەن. ئەوان نووسیویانە: "ئەرکی سەرشانمانە هەڵوێست وەرگرین بۆ پاراستنی خەڵک و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی لە سووریا." هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە: "داوامان لێ دەکرێت کە چاو لە ئاست ئەوەی ڕوو دەدات دانەخەین و کۆتایی بە گەڕێکی نوێی توندوتیژی بهێنین کە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا سەرکردایەتی دەکات." جەختیشیان کردەوە کە سووریایەکی سەقامگیر و ئارام تەنها بە ناسینی یەکسانی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کورد لەسەر بنەمای یەکسانی دێتە ئاراوە.

ماکس لوکس، وتەبێژی فراکسیۆنی سەوزەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ، بە دێر شپیگلی ڕاگەیاندووە: "پێویستی بە گوشاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەر سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا." دەشڵێت: "لە هەر شوێنێک حکوومەتی ڕاگوزەر هەوڵی چوونە ناوەوە بدات، پشێوی دروست دەکات."

یوهانس فۆڵکمان، سیاسی لە پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی، داوای کرد ئەگەر ئەم هێرشانە دەستبەجێ ڕانەگیرێن، دەرەنجامی ئەبێت لەسەر ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا.

لای خۆیەوە، کانسو ئۆزدەمیر، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی فراکسیۆنی پارتی چەپ، ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر ژنان و پیاوانی کورد لە حەلەب ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە سووریا پێویستی بە دەسەڵاتێکی ناوەندیی دیکتاتۆری نوێ نییە، بەڵکو پێویستی بە نامەرکەزییەت و دەسەڵاتی زیاتر بۆ ناوچەکان و پاراستنی گروپە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەیە.

هەروەها سەردار یوکسەل، لە پارتی سۆسیال دیموکرایش، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان و پاراستنی هەموو گروپە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریا و ئەنجامدانی دانوستانی سیاسی ڕاستەقینەی لەسەر بنەمای یەکسانی دەکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا