
ڕێگای کوردستان
لەم ڕۆژانەی دواییدا، کێشەی مەمەڕی ئاوی ، خور عەبدوڵا و پرسەکانی پەیوەست بە دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکانی نێوان عێراق و کوێت پێینایە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە. ئەم ئاڵۆزییانە بە دیاریکراوی دوای ئەوە سەریان هەڵدا کە حکومەتی عێراق نەخشەیەکی فەرمی و نوێی سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری نێوان هەردوو وڵات لەو مەمەڕە ئاوییە ستراتیژییەدا پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. ئەم هەنگاوەی بەغدا کاردانەوەی زۆر توندی لەلایەن کوێتەوە لێکەوتەوە و بووە هۆی هەڵکشانی خێرای گرژییە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە.
دوای ڕادەستکردنی نەخشەکە، دەسەڵاتدارانی کوێت بە توندی ئیدانەی هەنگاوەکەی عێراقیان کرد و وەک پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەروەری خاک و ئاوی وڵاتەکەیان لێکیان دایەوە.
هاوکات لە کاردانەوەیەکی توند و بێپێشینەدا، کوێت هەڕەشەی پەلاماردان و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی لە دژی عێراق کرد ئەگەر بێتو لەو بڕیارە پاشگەز نەبێتەوە، بۆ سەلماندنی جدییەتی ئەم هەڕەشەیەش، سوپای کوێت پێشوەختە و بە شێوەیەکی کتوپڕ مانۆڕێکی سەربازیی بەرفراوانی لەسەر سنوورەکانی عێراق ئەنجامدا، کە تێیدا چەندین جۆری چەکی پێشکەوتوو تاقیکرانەوە و پەیامێکی ڕوونی هۆشداری بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانە و مانۆڕە سەربازییەکەی سوپای کوێتدا، عێراق بێدەنگ نەبوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی وەک وەڵامێک بۆ جوڵەکانی کوێت، کاروانێکی گەورەی هێزی سەربازیی و بەلەمیان ڕەوانەی ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و کوێت کرد، بە مەبەستی پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و ئامادەباشی بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو لە سنوورەکان.
لەسەر ئاستی ناوچەکەش، ئەم گرژییانە زەنگی مەترسییان بۆ وڵاتانی عەرەبی لێداوە. وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بە خێرایی هاتنە سەرهێڵ و پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ کوێت و سەروەرییەکەی ڕاگەیاندو جەختیان لەوە کردەوە کە ئاسایشی کوێت و سنوری دیاریکراوی هێڵی سوورە.
ئێستا دۆخەکە زۆر هەستیارە و هەموو چاوەکان لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکانن بۆ ڕێگریکردن لە جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا.