
رێگای كوردستان
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی کەشناسی بریتانیا، بەشێک لە ناوچەکانی ئینگلتەرا درێژترین ماوەی بێبارانییان لەم سەدەیەدا تۆمارکردووە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی هەشت ناوچەی بریتانیا بکەونە ژێر مەترسیی ڕاستەوخۆی وشکەساڵییەوە و کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئاو ڕێکاری توند بگرنەبەر.
قەدەغەکردنی بەکارهێنانی سۆندەی ئاو
کۆمپانیای "تێمز وۆتەر (گەورەترین کۆمپانیای دابینکردنی ئاو لە بریتانیا بەکارهێنانی سۆندەی ئاوی بۆ زیاتر لە 10 ملیۆن کەس قەدەغە کرد. بڕیارەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە 23ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام داوا لە هاوڵاتیان کراوە لە ئێستاوە پابەند بن.
ئەو کارانەی بەکارهێنانی سۆندەیان تێدا قەدەغەکراوە:
• ئاودانی باخچە.
• شۆردنی ئۆتۆمبێل.
• پڕکردنی مەلەوانگە بچووکەکان و حەوزە گەرمەکان (Hot Tubs).
جگە لە تێمز وۆتەر، شەش کۆمپانیای دیکەی ئاو لەوانە ساووس ئەیست وۆتەر، ئەنگلیان وۆتەر، و ئەفینتی وۆتەر قەدەغەی هاوشێوەیان لە ناوچەکانی خۆیان ڕاگەیاندووە.
ئەو هەشت ناوچەیەی لەژێر مەترسیی وشکەساڵیدان
ئاژانسی ژینگە ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوچەکانی باشوور، ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا لەژێر پۆلێنی "کەشوهەوای وشکی درێژخایەن"دان و ئەم هەشت ناوچەیەی خوارەوە لە هەمووان زیاتر بەرکەوتوون:
1. ڕۆژهەڵاتی ئەنگلیا (East Anglia)
2. وێست میدلاندز (West Midlands)
3. دیڤۆن، کۆرنواڵ و دوورگەکانی سیلی
4. لینکۆڵنشایەر و نۆرسامپتنشایەر
5. هێرتفۆردشایەر و لەندەن
6. وێسێکس (Wessex)
7. تێمس (Thames)
8. سۆلینت و ساوس داونز
هۆکار و کاریگەرییەکانی قەیرانەکە
هێلین وێکهام، سەرۆکی گرووپی نیشتمانیی وشکەساڵی:
"تێکەڵبوونی گەرما و کەمبارانی دۆخێکی سەختی دروستکردووە کە کاریگەری لەسەر جووتیاران، ژیانی کێوی و سەرچاوە گشتییەکانی ئاو هەبووە. داوا لە هاوڵاتیان دەکەین هەر دڵۆپە ئاوێک کە دەتوانن بیپارێزن، بۆ ئەوەی بۆ کشتوکاڵ و سروشت بمێنێتەوە."
• کەمبوونی باران و زیادیی خواست: خواستی هاوڵاتیان بۆ ئاو 10% لە ئاستی ئاسایی زیادی کردووە. ناوچەی تێمس لەمساڵدا تەنها 40%ی تێکڕای بارانی بەهارەی بەرکەوتووە و لە مانگی تەممووزیشدا هیچ بارانێک لە حەوزی تێمسدا نەباریوە.
• زیانە ژینگەیییەکان: سێیەم شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ بووەتە هۆی وشکبوونی هەندێک ڕووبار، گۆم و زۆنگاوەکان، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر زاوزێی باڵندەکان داناوە. هاوکات ئاگرکەوتنەوە لە دەشتودەر و زەوییە کشتوکاڵییەکان زیانی گەورەی گەیاندووە.
