
ڕێگای کوردستان/ پاریس
فێستیڤاڵی لۆمانتی پاریس، کە بە یەکێک لە گەورەترین و ڕەنگاوڕەنگترین کۆبوونەوە سیاسی و کولتوورییەکانی ئەورووپا و جیهان دەژمێردرێت، دەرگای بەڕووی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و زیاتر لە ١٥٠ وڵاتی جیهاندا کردەوە و تێیدا دەنگی ئاشتی و یەکسانی و خەباتی چینایەتی بەرزتر بووەوە.
ئەم فێستیڤاڵە ، کە ساڵانە لە گوندۆچکەی نێودەوڵەتیی فێستیڤاڵەکەدا بەڕێوە دەچێت، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ ڕۆژی بەڕێوەچوونیدا پێشوازی لە زیاتر لە ملیۆنێک سەردانیکەر بکات.
شاندێکی حزبی شیوعیی کوردستان پێکهاتوو لە هاوڕێیان ئەبو کاروان، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی و هاوڕێ هۆگر چەتۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هاوڕێ نەرمین نەجمەدین، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و هاوڕێ ڕێواس ئەحمەد بانیخێڵانی سەرنوسەری هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، لەم فیستیڤاڵە بەشدارە.
هاوڕێ ئەبوو کاروان، لەبارەی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا جەختیکردەوە، ئەم ڤیستڤاڵە هەلێکی باشە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە چەپ و مارکسییەکانی جیهان و گۆڕینەوەی ئەزموونەکان، کە تەکانێک دەدات بە خەباتی چینایەتی و مرۆڤدۆستانە. ئێمە لێرەوە دەنگی ئەو ڕەنجدەر و گەنج و ژنانە دەگەیەنین کە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەنگاری جەنگ و ستەمی نەتەوەیی دەبنەوە، چونکە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە یەکتر جیا ناکرێنەوە و هێزیشمان لە یەکێتیی نێونەتەوەییماندایە.
هاوکات، هاوڕێ هۆگر چەتۆ لەم ڕووەوە تیشکی خستە سەر گرنگیی کۆبوونەوەکە و ڕایگەیاند، حزبی شیوعیی فەرەنسی و ڕۆژنامەکەیان ساڵانە هەموو مارکسییەکانی جیهان لەم مەیدانەدا کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی ڕایەکی یەکگرتوو دروست بکەن لەسەر قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی سیستەمی سەرمایەداری، کە مرۆڤ دەکاتە کاڵا. لە پاڵ ئەوەشدا، فێستیڤاڵەکە بوارێکی گرنگە بۆ ناساندن و نواندنی کولتوور و مۆسیقای نەتەوە جیاوازەکانی جیهان.
بەپێی ئامارە دیمۆگرافییەکان، نزیکەی ٥٠٪ تا ٦٠٪ی ئامادەبووان گەنجانی تەمەن ١٥ تا ٣٠ ساڵ پێکدەهێنن، توێژێک کە زۆربەیان خوێندکارانی زانکۆ و چالاکوانانی بواری مافی مرۆڤ و عاشقانی کۆنسێرت و ئۆپێرا مۆسیقییەکانن و بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی چالاکییەکان دەکەن.
لۆمانتی تەنها بۆنەیەکی جەماوەری نییە، بەڵکو مەیدانێکی گەورەی گفتوگۆ و دیبەیتی سیاسی و ئابوورییە لە نێوان هێزە چەپ و مارکسی و مرۆڤدۆستەکانی جیهاندا.
لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی ڕۆژ تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە شەقامە هێمنەکانی فێستیڤاڵەکە دەبنە ناوەندی سەکۆی سمینار و گوتار لەسەر مافەکانی مرۆڤ، و هەروەها ژینگەدۆستی و یەکسانیی ڕەگەزی، بەڵام پاش پاشنیوەڕۆ کەشوهەواکە دەگۆڕێت بۆ کەرنەڤاڵێکی فەرهەنگی و مۆسیقای نەتەوە جیاوازەکان، کە تێیدا تیپە هونەرییەکان کولتووری نەتەوەکانیان پێشکەش دەکەن.
ئەمساڵیش، ڕۆژنامەی (رێگای کوردستان) وەک زمانحاڵی حزبی شیوعیی کوردستان، بۆ شەشەمین ساڵ لەسەریەک بەشداریی لەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەدا کرد و بۆ چوارەمین جار خاوەن چادری تایبەتی خۆی بوو.



