
ستار ئەحمەد
شاری کەرکوک کە لە مێژوودا هەمیشە وەک مەڵبەندێکی گەشاوەی بیر و ئەدەب و ناوبژیوانی کلتووری ناوچەکە ناسرابوو، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دۆخێکی ناهەموار و پاشەکشەیەکی ترسناک بووەتەوە. ئەم داڕمانە کلتوورییە لەخۆڕا ڕووی نەداوە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بێدەربەستییەکی گشتگیر و فەرامۆشکردنێکی بەرنامەدارە لەلایەن سەرجەم ئەو لایەنانەی کە دەبوو پارێزەر و پاڵپشتی ڕووناكی و هۆشیاری بن.
کاتێک ڕوانگەیەکی ورد بۆ جەستەی شلۆقی ناوەندی ڕۆشنبیری ئەم شارە دەکەین، بە ڕوونی دەبینین کە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان شوێنپێی خۆیان لێ بڕاوە و بوونەتە سێبەری ڕابردوویەکی کۆن. نە سەندیکای ڕۆشنبیری و یەکێتی نووسەران توانای جولانەوە و بەخشینیان تێدا ماوە، نە بنکە و ناوەندە کلتوورییەکان چالاکییەکی بەرچاو و شایستە پێشکەش دەکەن. کەشوهەوای گشتی شارەکە لە کۆڕی ئەدەبی و دیالۆگی زانستی و کۆبوونەوەی بیرکراوە و جدی خاڵی بووەتەوە، هۆڵەکان تۆزی بێدەنگی و دابڕانیان لێنیشتووە و سڕبوونی گشتگیر بەسەر گیانی داهێناندا زاڵبووە.
لە هەمان کاتدا، نە دەسەڵاتدارانی هەرێم و نە ناوەند ئاوڕ لەم ڕەوشە ناهەموارە دەدەنەوە؛ بە یەکجاری پەیام و داواکارییە هزری و وێژەییەکانی ئەم شارەیان لەبیر چۆتەوە و هیچ بایەخێک بە بووژاندنەوەی ژیانی ڕۆشنبیری نادەن. کەرکوک لەناو کەشوهەوای ململانێ و بێباکی پەروەریدا کورت کراوەتەوە، سیمای جواننووسی و بیرکردنەوە بەمەبەست بەرەو پاشەکشە براوە.
بارودۆخی تاڵی نووسەران و خەمخۆرانی ئەدەب لەم شارەدا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر ڕەق و سەخت. بەشێکی زۆری نووسەرانی ڕەسەن و دڵسۆز هیچ جۆرە مووچە و پشتگیرییەکی داراییان نییە، ژیانی ڕۆژانەیان بە ئەستەم و کوێرەوەری بەڕێوە دەچێت و هیچ لایەنێک نییە لە ڕەوشی ژیان و تەندروستییان بپرسێتەوە. لەبری ئەوەی ڕێز لە کۆششی تەمەنێکیان بگیڕێت، ڕووبەڕووی بێباکی و بێدەنگییەکی ساردوکڕ کراونەتەوە.
ئەم دەردە کاتێک قورستر دەبێت کە نووسەرێک بڕیار دەدات سەربەخۆ و بێلایەن بێت؛ کە تەنیا خەم لە وشەی پاک و ڕاستی و ناسنامەی کلتووری شارەکەی دەخوات، لە هەموو بوارەکاندا بەئەنقەست پشتگوێ دەخرێت. دەرگاکانی بڵاوکردنەوە، ڕێزلێنان، چاپکردنی کتێب و بەشداری لە چاوپێکەوتن و بەڕێوەبردنی کۆڕەکاندا لەبەردەم نووسەری ئازاد و بێلایەن دادەخرێن، چونكە ملکەچی ویستی هیچ دارو دەستەیەک نییە.
کاتێک نووسەر و ڕۆشنبیر هەست بە پەراوێزخستنی ڕەها بکەن و ناوەندە فەرمییەکان ببنە ڕێگر یان تەماشاکەرێکی بێدەسەڵات، لالەزاری دەژاکێت و دەنگی ڕەسەن و نوێ دەپوکێتەوە. ئەم داڕمانە تەنیا زیان بە ئەمڕۆی شارەکە ناگەیەنێت، بەڵکو نەوەی داهاتووش لە سەرچاوەی هۆشیاری و مێژووی دەوڵەمەندی بابەگوڕگوڕ بێبەش دەکات.
ئەگەر نووسەران لە دەستتەنگی و فەرامۆشکردندابن و کەس ئاوڕیان لێنەداتەوە، ئەوا کۆڵەکەی بیری ئازاد ڕوو لە داڕمان دەکات. بەبێ بێداربوونەوەیەکی ڕاستەقینە لەلایەن دەستەڵاتداران و بەبێ هەڵوێستێکی ڕاستەقینە بۆ پشتیوانیکردنی دەنگە ئازادەکان و دابینکردنی بژێویی شایستە بۆ خاوەن پێنووسە بێلایەنەکان، ئەم بێدەنگییە ترسناکە درێژەی دەبێت؛ بێدەنگییەک کە دەرئەنجامەکەی بەتاڵکردنەوەی کەرکوکە لە گیانی ڕۆشنبیری و کوژانەوەی ئەو ڕووناکییەی کە بە درێژایی مێژوو ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەم شارەی دەستنیشان کردووە.
