​سەروتاری ڕۆژنامەی (طریق الشعب) 

​هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا، یادەوەری شیوعییەکان، دیموکراتخوازەکان و هەموو نیشتمانپەروەران پڕ دەبێت لە خەم بۆ ئەوەی لە ٨ ی شوباتی ١٩٦٣دا ڕوویدا. کاتێک تاقمێک لە خراپەکاران، بە پاڵپشتی "شەمەندەفەرێکی ئەمریکی"، توانیان شۆڕشی شکۆداری ١٤ی تەمموز لەناوبەرن، سەرکردەکانیان تیرۆر کرد، دەستکەوتەکانی بواری سەربەخۆیی سیاسی، ژێرخانی ئابووری، ئازادییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییان وێران کرد.

 دەستیان چووە خوێنی باشترین کچ و کوڕانی گەلەکەمان و هەزارانیان ڕاپێچی زیندان و ئەشکەنجە و ئاوارەیی کرد، بەمەش لە لایەکەوە شەرمەزارییەکی نەبڕاوەیان بۆ ٨ی شوباتی ڕەش و تاقمە تێوەگلاوەکانی تۆمار کرد و لە لایەکی ترەوە تاجەگوڵینەی شانازییان بەخشی بە بەرگریکاران و قوربانییانی ئەو ڕووداوە و بوونە مەشخەڵێک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگا سەختەکە بەرەو بونیادنانی عێراقێکی دیموکراتی گەشەسەندوو.

​هەرچەندە یادی ئەو ڕۆژە خوێناوییانەی کە سەدان نیشتمانپەروەر و شیوعی تێیدا بوونە قوربانی و لە پێشەنگیاندا سەرکردە مەزنەکانی حزبەکەمان (سەلام عادل، جەمال حەیدەری، محەمەد ساڵح عەبلي، حەسەن عەوینە، محەمەد حوسێن ئەبو عیس، جۆرج تەلۆ، عەبدولڕەحیم شەریف، حەمزە سەلمان، نافیع یونس، عەبدولجەبار وەهبی، عەدنان بەراک و هاوڕێ شەهیدە تێکۆشەرەکانی تریان) وەک یادێکی خەمناک دەکرێتەوە، بەڵام هەمیشە وەک وێستگەیەک دەمێنێتەوە کە وانەی تێکۆشانی گرنگی لێ هەڵدەقوڵێت لەوانەش: پەیوەندی نێوان کردەوەی تێکۆشەرانەی شیوعییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە نیشتمانی و چینایەتییەکان و ئەو گیانی قوربانیدان و هاوپشتییەی لە نێوانیاندا هەیە بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاڵای حزبەکەیان.

​هەروەها ئەم وانانە گرنگی دەستنیشانکردنی وردی ململانێ سەرەکییەکان و دوورکەوتنەوە لە وەهمی تێکەڵکردنیان نیشان دەدەن، جەخت دەکەنەوە سەر دەستگرتن بە ناسنامەی نیشتمانی گشتگیر و بەهاکانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە دەبێت ئامانجی سەرەکی هەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی بن، بە جۆرێک کە دابەشکردنەوەی سامانی وڵات، بەرەنگاربوونەوەی هەژاری و دابینکردنی خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون و کارێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو هاووڵاتیان مسۆگەر بکات.

​ئەمڕۆ ئەم وانانە گرنگییەکی زۆریان هەیە، دوای ئەوەی وڵاتەکەمان کەوتووەتە ناو تەنگژەیەکی گشتگیرەوە بەهۆی هەژموونی سیستەمی پشکپشکێنە (محاصصة)، کە بووەتە هۆی وێرانکاری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و لەدەستدانی هەزاران گەنج و ملیارەها دۆلار لە سامانی وڵات.

​هەروەک چۆن کودەتاچییانی شوباتی ڕەش نەیانتوانی ئیرادەی عێراقییەکان و خولیایان بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بشکێنن، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و شیوعییەکان، لە کاتێکدا سەری ڕێز بۆ شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە دادەنەوێنن، چاوەڕوانی توندکردنەوەی تێکۆشان و سوودوەرگرتن لە وانەکانی مێژوون بۆ بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتی فیدراڵی کە سەربەخۆیی و سەروەری وڵات بپارێزێت، دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.

​سەروەری و نەمانی بۆ شەهیدان،

شەرمەزاری و ڕسوایی بۆ تاوانباران و بکوژان،

سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا