
بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، شاری بشکیکی پایتەختی قرغیزستان ببێتە ناوەندی بڕیار و چەقی دیپلۆماسیی جیهانی، کاتێک سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای بۆ هاوکاری کۆدەبنەوە. ئەم لوتکەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان بەدەست قەیرانی قووڵی سیاسی، سەربازی و ئابورییەوە دەناڵێنن و زۆرینەی بەشداربووانیش لە لووتکەی گرژیدا ن لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
چەقی دیپلۆماسی و پێکهاتەی بەشداربووان
بەپێی زانیارییەکان، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، شی جینپینگ سەرۆکی چین، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، نارێندرا مودی سەرۆکوەزیرانی هیندستان و شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بەشداریی خۆیان لەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەدا پشتڕاستکردووەتەوە.
ڕێکخراوی شانگهای کە ئەمساڵ ٢٥ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی دەگێڕێت، پێکدێت لە ١٠ دەوڵەتی سەرەکی، ئەوانیش: ڕوسیا، چین، هیندستان، ئێران، پاکستان، بیلاروس، کازاخستان، قرغیزستان، ئۆزبەکستان و تاجیکستان.
ئامانجە ستراتیژییەکان و جیهانی فرە جەمسەر
لێدوانی فەرمی و ڕاوێژکارانی کرێملین دەریدەخەن کە ئامانجی سەرەکیی لوتکەکە، چەسپاندنی بنەماکانی "جیهانێکی فرە جەمسەرە بە مەبەستی سنوردارکردنی هەژموونی تاک جەمسەریی ئەمریکا و ڕۆژئاوا.
• ڕێکخراوەکە ئێستا نوێنەرایەتی ٤٠%ی دانیشتوانی زەوی و ٢٠%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی (GDP) دەکات.
• سزاکان و هەڕەشەکانی ڕۆژئاوا وایکردووە وڵاتانی ئەندام جیاوازییەکانیان بخەنە گۆڕەپانی لاوەکی و کار بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنی و ئابوری بکەن.
دیدارە دوقۆڵییە یەکلاکەرەوەکان
لە پەراوێزی لوتکەکەدا، ڤلادیمێر پوتن زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ و هەستیار ئەنجام دەدات:
• دیداری لەگەڵ مەسعود پزیشکیان: بە مەبەستی جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازی و ئابورییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ.
• دیدارەکانی تر: لەگەڵ شی جینپینگ، نارێندرا مۆدی و ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا کۆدەبێتەوە، کە وەک پەیامێکی ڕاشکاو بۆ واشنتن هەژمار دەکرێت کە بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر فشارە نێودەوڵەتییەکاندا دروست بووە.
سێبەری جەنگ و سزاکانی ئەمریکا
ئەم لوتکەیە لە ژێر سێبەری چەندین قەیرانی گەورەدا بەڕێوەدەچێت؛ لەوانە بەردەوامیی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا و گرژییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. هاوکات، دوای سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە بەسەر ئەو لایەنانەی مامەڵە لەگەڵ تاران دەکەن، چین و ڕوسیا ئەم هەنگاوەیان بە هەوڵێک بۆ "خنکاندنی ئابوری" وەسف کردووە و پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران دوپات کردووەتەوە.
