
عەبدولسەمەد زەرکوشی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ هەینی ، ئەو هۆکارەی دیاری کرد کە ڕەنگە نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا ناچار بکات دەستبەرداری کاندیدبوونی بێت بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو.
زەرکوشی ڕایگەیاند، نووری مالیکی پیاوی دەوڵەتە، خاوەنی ئەزموون و لێهاتووییە و کەسایەتییەکە کە هەمووان لەسەری کۆکن، بۆیە کاندیدکردنی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو هێشتا کاری پێ دەکرێت و هیچ گۆڕانکارییەک لەم بڕیارەدا ڕووی نەداوە.
ووتیشی ، چوارچێوەی هەماهەنگی بەو پێیەی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە، مافی یاسایی و دەستووریی خۆیەتی هەر کەسێک بە شایستە دەزانێت بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی داهاتوو کاندیدی بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە مالیکی پیاوی دەوڵەتە، بەڵام ئەگەر هەست بکات کاندیدبوونەکەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی زیان بۆ گەل، ئەوا بڕیاری کشانەوە دەدات؛ ئەم بڕیارەش بەپێی دیدگایەکی نیشتمانی دەبێت و دیدگای چوارچێوەکەش بابەتەکان یەکلا دەکاتەوە.
زەرکوشی جەختیشی کردەوە کە قبووڵکراو نییە هیچ دەوڵەتێک دەستێوەردان لە کاروباری عێراق بکات بۆ دیاریکردنی کەسایەتییەکان، چونکە عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرییە، هێزە سیاسییە عێراقییەکانن کە ئاڕاستە و ناسنامەی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو و سروشتی پەیوەندییە دەرەکییەکان و مامەڵە ناوخۆییەکانی دیاری دەکەن، مالیکی خۆی بژاردەی کۆتایی خۆی دیاری دەکات و ئێمە دڵنیاین کە ئەم بژاردەیە لە هەموو دۆخێکدا نیشتمانی دەبێت.