
ڕێگای كوردستان
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە پێشکەوتنی بەرچاو لەبارەی "دۆسیەی ئەمنی"ی ئۆکرانیا و ئەوروپای دوای جەنگ لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤدا بەدیهاتووە، و پێشبینیشی کرد لە دانوستانەکانی ئەم هەفتەیەی ئەبوزەبیدا پێشکەوتنی زیاتر تۆمار بکرێت.
ئەم لێدوانانەی ڕوبیۆ لە کاتێکدا دێن کە ئەو بەرەو پاریس بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گروپی حەوت (G7). ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی، کە بڕیارە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا بە سەرپەرشتی و سپۆنسەریی ئەمریکا ئەنجام بدرێن.
بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئەمنی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، ڕوبیۆ جەختی لەوە کردەوە کە "بەدەستهێنانی گەرەنتیی ئەمنی داواکارییەکی دووبارەبووەوەیە لە دانوستانەکاندا، کە ئامانجی سەرەکییان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیە."
سەبارەت بە شێواز و پێکهاتەی ئەمنیی ئۆکرانیا لە دوای جەنگ، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: "پێدەچێت ئەمە هەمان ئەو شتە بێت کە دۆناڵد ترەمپ باسی دەکات؛ واتە ئەو شێوە و پێکهاتەیەی کە دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان دەیگرێتەبەر."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێنجشەممەی ڕابردوو پێشبینیی ڕێککەوتنێکی "زۆر گرنگ"ی لەگەڵ ڕووسیا کرد؛ ڕێککەوتنێک کە تەنها باسی جەنگی ئۆکرانیا نەکات، بەڵکو تەواوی ئەوروپا بگرێتەوە. لێدوانەکەی ترەمپ ترس و دڵەڕاوکێی لای ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی دروست کردووە لەوەی لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتوودا پەراوێز بخڕێن.
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش، مارکۆ ڕوبیۆ ڕوونی کردەوە کە "تا ئێستا هیچ فۆرمولەیەکی کۆتایی نەگەیشتووە، بەڵام ڕەنگە دانوستانەکانی ئەبوزەبی ببنە هۆی پێشکەوتنی نوێ." جێگەی باسە هەریەکە لە ستیڤ ویتکۆف (نوێنەری ترەمپ) و جارێد کوشنەر (زاوای ترەمپ) وەک نوێنەری لایەنی ئەمریکی بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکەن.
چوارچێوەی نوێی ئەمنی و بەشداریی ئەوروپا
ڕێکخستنە ئەمنییە نوێیەکانی نێوان ئۆکرانیا، ئەمریکا و ئەوروپا سەرنجی سەرەکییان لەسەر داڕشتنی چوارچێوەیەکی پتەو بۆ دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنیی درێژخایەن بۆ کیێڤ دوای قۆناغی ئاگربەست و پاراستنی سەقامگیریی کیشوەری ئەوروپا چڕ کردووەتەوە.
بەپێی ڕێککەوتنەکان:
• فەرەنسا و بریتانیا: بنکە و ناوەندی سەربازی لە ناوخۆی ئۆکرانیا دادەمەزرێنن بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە و مەشقپێکردنی هێزەکان.
• یەکێتیی ئەوروپا: بەڵێنی هاوکاریی بەردەوامی لە ٩ بواری جیاوازدا داوە، لەوانە: ناردنی چەک، بەهێزکردنی پیشەسازیی بەرگری، مەشقی سەربازی، و پاککردنەوەی مین.
