
لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراق، موفید جەزائیری، وەزیری پێشووتری ڕۆشنبیری و سەرکردەی دیاری حزبی شیوعی عێراق، هێرشێکی توندی کردە سەر سیستەمی حوکمڕانیی عێراق و ڕایگەیاند، شکستهێنان بە کەرتەکانی خزمەتگوزاری و بێئاگاکردنی کۆمەڵگە لە عێراق ، ڕێکەوت نین و پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، هاوکات هۆشداریش دەدات لە ڕوودانی تەقینەوەیەکی جەماوەری ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت.
جەزائیری لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ میدیاکار (عامر ئیبراهیم)ڕایگەیاند، ئەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستە نایانەوێت خەڵک هۆشیار بێت، چونکە مرۆڤی هۆشیار مەترسییە بۆ سەریان ،هەروەها وێرانبوونی کەرتی تەندروستی و پەروەردە بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێت، لەکارکەوتن و بێتوانایی نۆرینگە میللییەکان بۆ یارمەتیدانی هەژاران ڕێکەوت نییە، بەڵکو مەبەست لێی گەشەپێدان و بوژاندنەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانە ئەهلییەکانە (تایبەتەکان) کە ئاستیان ڕوون نییە.
سەبارەت بە دۆخی ڕۆشنبیریی دوای ساڵی ٢٠٠٣، موفید جەزائیری ئاماژەی پێکرد، کە ژینگەی وڵات بەرەو ئاراستەیەکی پێچەوانەی خەونی خەڵک و ڕۆشنبیران ڕۆیشتووە، بەڵام کەلتوور و ڕۆشنبیریی عێراقی بەهۆی ڕەگ و ڕیشە قووڵەکەیەوە هێشتا زیندووە، ئەمەش پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە.
لە لایەکی دیکەوە، موفید جەزائیری ڕایگەیاند ، کە ڕەوتی چەپ و حزبی شیوعی کە بەرگریکارن لە چینە هەژارەکان، لەلایەن سوپایەکی تەرخانکراوەوە بەردەوام هێرشیان دەکرێتە سەر، سەبارەت بە میدیاش ووتی، ڕاگەیاندن لە عێراق دەسەڵاتی چوارەم نییە، زۆرینەی دامەزراوە میدیاییەکان سەرقاڵی پاساوهێنانەوە و بانگەشەکردنن بۆ دەسەڵات، جگە لە چەند مینبەرێکی کەم نەبێت.
موفید جەزائیری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەخنەی توند لە پەرلەمان و یاساکانی هەڵبژاردن گرت و ووتی پەرلەمانی ئێستا نوێنەرایەتیی گەل ناکات، لە هەر خولێکدا یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دادەڕێژرێت کە تەنیا لە خزمەتی حزبە دەسەڵاتدارەکاندایە تا لە هەڵەکانی پێشوویان سوودمەند بن، بۆیە ئەم حزبانە هیچ بەرژەوەندییەکیان لە دەرکردنی یاساکانی ئازادیی ڕادەربڕیندا نییە.
جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر هەر هەڵبژاردنێکی داهاتوو بەو شێواز و میکانیزمە بەڕێوەبچێت کە هەڵبژاردنی (١١ی ١١ی ٢٠٢٥)ی پێ ئەنجامدرا، ئەوا ناتوانن بەشداری تێدا بکەن.
لە کۆتاییدا، جەزائیری هۆشدارییەکی توندی دا لە قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی لە عێراق و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەم دۆخە و ئەم جەمسەرگیرییە بەردەوام بێت، کە تێیدا هەژاران هەژارتر دەبن و دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر، ئەوا هیچ بژاردەیەک نامێنێتەوە جگە لە تەقینەوەیەکی جەماوەری، کە کارەساتبار و وێرانکەر دەبێت و زیان بە هەمووان دەگەیەنێت، هەم هەژار و هەم دەوڵەمەند.