
بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی و سووریا لەسەر دۆخی ئەمنی گەیشتبوونە لێکتێگەیشتن، بەڵام دیمەشقی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی پێشێلکردنی دەدات،ئەویش لەڕێگەی ڕێگەدان بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانی نزیک حەلەب.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیای ئیسرائیل، ئیسرائیل چەندین جار دیمەشقی لەو بوونە سەربازییەی تورکیای ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام دیمەشق گوێی بەو ئاگادار کردنەوانە نەداوە، ئەمەش بووە هۆی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەبو زهور لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.
لای خۆیەوە تۆم باراک،نوێنەری ئەمریکا لە سوریاو هاوکات باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار لەسەر دروستکردن و دابینکردنی میکانیزمێک دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕوودانی پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سووریا.
