
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جارێکی تر هەڵوێستی وڵاتەکەی لە ڕەتکردنەوەی بژاردەی دوو دەوڵەت دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێگە بە دامەزراندنی هیچ دەوڵەتێکی فەلەستینی لە غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا نادەن.
بنیامین ناتانیاهۆ، جەختی لەوە کردەوە کە تا ئەو کاتەی لە پۆستەکەیدا بێت، ڕێگە بە دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی نادات کە لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ بکرێت، بەو پێیەی بە بڕوای ئەو، ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی لەو جۆرە، لەناوبردنی ئیسرائیلە.
هەروەها ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەڵوێستە نەگۆڕ دەبێت؛ تەنانەت ئەگەر پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تەلئەڤیڤ لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە و ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیش لە ئارادا بێت، جەختیشی لەسەر بەردەوامیی پارێزگاریکردن لە ئاسایشی نیشتمانی و خاکی ئیسرائیل کردەوە.
