
رێگای كوردستان
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێکیدا بۆ چیای حەرمون ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەی لەو چیایەوە تاوەکو دەریای ناوەڕاست بەدەستەوەیە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە زۆر نزیکن لە ئامانجی لەناوبردنی ڕژێمی ئێران.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەردانی چیای حەرمونی کرد لەم سەردانەدا هەریەکە لە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، و تامیر یادای، جێگری سەرۆکی ئەركانی سوپا، هاوڕێیەتیان دەکرد.
لە پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمارکراودا لەو ناوچەیە، ناتانیاهۆ ڕاگەیاند: "ئیسرائیل کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەی لە چیای حەرمونەوە تا ڕووباری یەرموک و لەوێشەوە تا دەریای ناوەڕاست بەدەستەوەیە."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا و باسی لەوە کرد، کە وڵاتەکەی ڕێگە بە هیچ هێز و لایەنێکی "تیرۆریستی" نادات لەسەر سنوورەکانیان جێ پێی خۆی قایم بکات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ناتانیاهۆ جەختیکردەوە کە هێشتا ئەرکێکی سەرەکی لەبەردەمیاندا ماوە و وتی: "ئەرکی سەرەکی ئێمە لەناوبردنی ڕژێمی ئێرانە؛ ئێمە زۆر نزیکین لەم ئامانجە و دەزانین کە ئەم ڕژێمە لە کۆتاییدا دەڕووخێت. ئێمە پابەندین بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکە و سەرەنجامیش جێبەجێی دەکەین."
