
تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سوریا و لوبنان لەهەژماری تایبەتی خۆی ناوەرۆكی سەردانەكەی بۆلای سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرا كرد، كە پەیوەندی بەداهاتووی عێراق و ئاشتی لە ناوچەكەوە هەیە.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، محەمەد شیاع سودانی پێشوازیکرد لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا و لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکان و بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و هەوڵەکانی عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ناوچەیی بەتایبەت لە سوریا تاوتوێ کرا.
هەروەها لە دیدارەکەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی ناوچەیی و گرنگی پەنابردن بۆ وتوێژ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان، هەروەها باسیان لە دەرفەتەکانی هاوکاری ئابوری و پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی هەمەلایەنە کرد کە سەقامگیری درێژخایەن بەرەوپێش دەبات.
سودانی جەختی لە سەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە قوڵەکان کردەوە بە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ هۆکارەکانیان و ڕێگرتن لە دەستدرێژی و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان و گەلان لە ناوچەکە.
لایخۆیەوە باراک ئاماژەی بەو ڕۆڵە گرنگە کرد کە عێراق دەیگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاڵپشتیکردنی وتوێژ و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر.
پلانی ئاشتی ترەمپ لەلایەن خەڵکی عەرەب و هەندێک بازنەی سیاسییەوە وەک "پلانی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل" سەیر دەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت مشتومڕ لە بازنەی سیاسی و گشتیدا دروستبکات، بەتایبەتی کە هاوکاتە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە.